محەممەد حاجی مەحموود نەخۆشە و بۆ چارەسەر چووەتە ئەڵمانیا


رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان نەخۆشە و بۆ چارەسەر چووەتە ئەڵمانیا. گوتەبێژی حیزبەکەی دەڵێت: "بۆ پشکنین و چارەسەری برینی کۆن چووە"، بەڵام سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت، تووشی نەخۆشیی دڵ بووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "کاک محەممەدی حاجی مەحموود، بۆ پشکنین چووەتە ئەڵمانیا، چونکە لە پێشمەرگایەتیدا 7 جار بریندار بووە و بە چەکی کیمیاییش پێکراوە، بۆیە جارجار بۆ پشکنین ناچارە بچێتە ئەڵمانیا."
 
بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، محەممەد حاجی مەحموود بۆ چارەسەری نەخۆشیی دڵ چووەتە ئەڵمانیا. کەسێکی نزیکی بە رووداوی گوت، تووشی نەخۆشیی دڵ بووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام قۆناخی مەترسیی تێپەڕاندووە.
 
محەممەد حاجی مەحموود، ساڵی 1953 لەدایکبووە، سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە و وەزیر و ئەندامی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بووە.
 
ساڵی 1981 بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە پاشان بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە، دواتریش وەک سکرتێری گشتیی حیزب ھەڵبژێردراوە.