لە سنە 11 کەس بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگای سنە 11 کەس برینداربوون. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگاکە دەڵێت، سەرجەم بریندارەکان گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە.
 
یەکێک لە رووداوەکان کاژێر چواری دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی ئەیلوولی 2025،  لەسەر رێگەی بیجار - دیواندەرە روویدا. بابەک هودائی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە رایگەیاند، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پراید و پیژۆ پێکیانداداوە.
 
بەگوتەی بابەک هودائی، 7 کەس لەو رووداوەدا برینداربوون کە دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەیەکی دیواندەرە.
 
وەک بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سنە دەڵێ، کاژێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆش ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ پارس لەسەر رێگەی دیواندەرە- زەڕینە وەرگەڕا و بە هۆیەوە چوار کەس بریندار بوون.
 
هەموو بریندارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانەیەکی شاری دیواندەرەرە. بابەک هودائی گوتی، برینی زۆربەیان سەختە.
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە تاوەکو ئێستا 35 کەس لە سنە بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە بریندار بوون.
 
بەپێی دوایین ئاماری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 21-7-2025 تاوەکو 21-8-2025، هەزار و 269 رووداوی هاتووچۆ لە پارێزگاکە روویانداوە و بەهۆیانەوە 2200 کەس بریندار بوون.