شاندێکی بازرگانیی هۆڵەندا لە سلێمانییە
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی بازرگانیی هۆڵەندا بە مەبەستی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی، لە شارەکەن. ئەندامێکی ژوورە بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، ئامانجیانە لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و تەندروستی وەبەرهێنان بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-09-2025، ژووری بازرگانیی سلێمانی پێشوازی لە شاندێکی کۆنسووڵخانەی هۆڵەندا و چەند بازرگانێکی وڵاتەکە کرد کە ئامانجیانە لە شارەکە کار و وەبەرهێنان بکەن.
شێنێ ئیختیار فارس، ئەندامی ژووری بازرگانیی سلێمانی رایگەیاند، یەکەم جارە شاندێکی بازرگانانی هۆڵەندا سەردانی سلێمانی دەکەن و دەڵێت: "هاتنیان پەیامێکی روونە کە سلێمانی دەرفەتی کارکردنی تێدایە.''
شاندەکەی هۆڵەندا کە لە 9 بازرگان پێکدێت، سەرەتا سەردانی هەولێری کرد و بڕیارە ماوەی چوار رۆژ لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی حکومی و کەرتی تایبەت کۆببنەوە.
هۆڵەندا لە دوای ئەمریکا، دووەمین هەناردەکاری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە و یەکەمین بەرهەمهێنەری گوڵ، میوە و گۆشتە لە ئەورووپادا.