دەزگای ئاسایش: باندێکی بازرگانی کۆچبەری نایاسایی بە 14 کۆچبەرەوە دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی باندێکی 7 کەسیی بازرگانیی کۆچبەری نایاسایی راگەیاند، گوتەبێژی دەزگاکەش رایگەیاند، کۆچبەری بەنگلادیش و پاکستانیان بە قاچاخ هێناوە.
دەزگاکە دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان، توانییان بازرگانێکی هێنانی کۆچبەری نایاسایی و 6 کەسی دیکە بەتۆمەتی هاوکاریکردنی دەستگیربکەن.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە ئەو باندە لە شەوی 14-08-2025 لە کاتی هێنانی 14 کۆچبەری نایاسایی بۆ هەرێمی کوردستان، کە لەناو بارهەڵگرێکدا شاردرابوونەوە. دەستگیرکران.
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسەی دەستگیرکراوە گەورە بازرگانێکی کۆچبەری نایاساییە و لەگەڵ ئەو 6 کەسە وەکو باندێک کاریان کردووە."
عەقید سەلام گوتیشی، "ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی هێناویانن زۆربەیان خەڵکی بەنگلادش و پاکستان بوون."