شەفافیەت: داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاترە لە 20 ملیار دینار

رووداو دیجیتاڵ
 
ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی هەفتەیەکی رابردووی سلێمانی زیاترە لە 20 ملیار دینار و بەراورد بە هەفتەیەک پێشتر 6% زیادیکردووە.
 
رۆژی هەینی ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاوی کردەوە، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 04-10-2025 تاوەکو 10-10-2025، 20 ملیار و 612 ملیۆن و 772 هەزار و 979 دینار بووە.
 
هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور، بەگوێرەی ماڵپەڕەکە 19 ملیار و 333 ملیۆن و 413 هەزار و 291 دینار بووە و ئەم هەفتەیە زیاتر لە ملیارێک دینار زیادیکردووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە بێت، داهاتی ئەو هەفتەیەی سلێمانی 88%ـی نەختی و 12%ـی چەک بووە.
 
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
 
داهاتی پار لەو سنوورانە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە و ئەم ساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ زیاترە لە 718 ملیار دینار.
 
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
 
بە دروشمی "بەسیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"، نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی ماڵپەڕەکە دەکات.