پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ بانگەشە دەستپێدەکات
هەولێر دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی نەینەوا دەستپێدەکات. بەرپرسی لقی 14ی ئەو حیزبە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ گوتی، "14ی ئەم مانگە بانگەشەی حیزبەکەمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی لە بازنەی نەینەوا دەست پێدەکەین."
بەرپرسی لقی 14ی پارتی لە موسڵ ئاماژەی بەوەش کرد، "پارتی لە بازنەی نەینەوا 62 بەربژێری هەیە و رۆژی سێشەممە لە کەرنەڤاڵێکدا بە ناساندنی بەربژێرەکانمان دەست بە بانگەشە دەکەین. چاوەڕوانین لە لایەن دەنگدەرانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێبکرێت."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە 32 بەربژێر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکدا لە بازنەی نەینەوا بەشداری هەڵبژاردن دەکات. لە حیزبە کوردستانییەکانی دیکەش تەنیا نەوەی نوێ بەربژێری لە نەینەوا هەیە کە ژمارەیان 7 بەربژێرە.
لە بازنەی نەینەوا 37 لیست بە 1067 بەربژێر لە هەڵبژاردن بەشدارن و کێبڕکێی بەدەستهێنانی 34 کورسی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق دەکەن.