دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە: بانگەشەی هەڵبژاردن بە چەندین شێواز ژینگە پیس دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە باس لەوە دەکات، دەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردن زیان بە ژینگە بگەیێنێت. گوتەبێژی دەستەکە دەڵێت، پێویستە پارتە سیاسییەکان و بەربژێران زیاتر لەوەی ئێستا هەیە بایەخ بە پاراستنی ژینگە بدەن.
 
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردن هۆکارێکە بۆ پیسکردنی ژینگەی کوردستان، ئەوەش بەهۆی ئەو شێوازەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت.
 
هەڵواستینی پۆستەر و فلێکس لە شەقامەکاندا یەکێکە لەباوترین جۆرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کە بە گوتەی سەنعان عەبدوڵڵا کاریگەری لەسەر هەستی بینین دەبێ، چونکە بەشێکە لە شێواندنی سیمای شەقام لە شارەکان. 
 
سەنعان عەبدوڵڵا رایگەیاند، "زۆرینەی ئەو کەرەستانەی لە شەقامەکاندا بۆ بانگەشە بەکاردەهێندرێن، فلێکس و کەرەستەی پلاستیکین کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە. سەرەڕای ئەوەش، لەم کاتەدا کە بەرەو وەرزی بارانبارین دەڕۆین، دەکرێ ئەو کەرەستانە ببنە هۆکارێک بۆ گیرانی مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکان."
 
گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، هەندێک کات بەهۆی ئەو پۆستەرانەی لە شەقامەکاندا هەڵدەواسرێن، زیان بە دار و درەختەکان دەگەیێندرێ و دەبێتەهۆی وشکبوونی دارەکان.
 
کەژاوەی ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەکاندا بەشێکی دیکەیە لە بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان. وەک گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەم شێوازە لە بانگەشە لەگەڵ ئەوەی ژاوەژاو دروست دەکات، بەهۆی دەرچوونی بڕێکی زۆر گازی زیانبەخش لە ئۆتۆمبێلەکان ژینگەی شارەکان پیس دەکات."
 
گردبوونەوە جەماوەرییەکان و ئاهەنگی لایەنگرانی پارتە سیاسییەکان لە شوێنە گشتییەکاندا جۆرێکی دیکەی بانگەشەی هەڵبژاردنە کە هەندێک کات هەزاران کەس تێیاندا ئامادە دەبن. گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئاهەنگ و گردبوونەوە جەماوەرییەکان ژینگە پیس دەکەن، ئەوەش بەهۆی فڕێدانی پاشـماوە و خاشاکەوە.
 
سەنعان عەبدوڵڵا گوتی، ئەنجوومەنی وەزیران گشتاندنێکی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کردووە تاوەکو کار بە رێنمایی ژمارە 5ـی ساڵی 2025ـی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن  و رێگە بگرن لە شێواندنی ژینگە بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە.
 
دەستەی چاککردن و ژینگەی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەوەی ژینگە بەشێکی سەرەکی نییە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتە سیاسییەکان و "وەک پێویست گرنگی پێنادەن."
 
سەنعان عەبدوڵڵا داوایکرد، پارتە سیاسییەکان و بەربژێران گرنگی زیاتر بە ژینگە بدەن لە بانگەشەکانیان تاوەکو هاونیشتمانیان هۆشیار بکەنەوە، هەروەها بە چڕی کار لەسەر پرسی ژینگە بکەن چونکە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یەکێکە لە ئاڵنگارییەکانی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان.