بەرپرسی هاوئاهەنگیی ئەمنیی کۆمیسیۆن: رۆژانی دەنگدان قەدەخەی هاتووچۆ نابێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی هاوئاهەنگیی ئەمنی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی و بەرگریی شارستانی لە رۆژانی دەنگدان دا، بنکە و وێستگەکانی دەنگدان دەپارێزن. دەشڵێت، رۆژانی دەنگدان قەدەخەی هاتووچۆ نابێت.
ئەمڕۆ هەینی، 10ی تشرینی یەکەمی 2025، موزەفەر عەبدولڕەحمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاراستنی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بە سێ بازنەی ئەمنی دەبێت؛ بازنەی یەکەم هێزەکانی پۆلیس، بازنەی دووەم بە دووری 10 مەتر لە بازنەی یەکەم، هێزەکانی ئاسایش جێگیر دەکرێن، بازنەی سێیەمیش بەرگریی شارستانی و هێزەکانی زێرەڤانی دەبێت."
موزەفەر عەبدولڕەحمان گوتی، "پڕۆسەی پاراستنی ئەمنییەتی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە ژێر سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ دەبێت، لە شەشی مانگی داهاتووەوە دوای وەرگرتنی قوتابخانەکان و ئامادەکردنیان، کارەکانی ئێمە دەستپێدەکات."
لەبارەی قەدەخەکردنی هاتووچۆ ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ بڕیارێک بۆ ئەوە نییە و لە رۆژانی هەڵبژاردندا قەدەخەی هاتووچۆ راناگەیێندرێت."
بەرپرسی هاوئاهەنگیی ئەمنیی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ نێو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان قەدەخە بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و تەنیا ئەوانەی باجی کۆمیسیۆنیان پێیە دەتوانن مۆبایل ببەنە ژوورەوە."
بە گوتەی موزەفەر عەبدولڕەحمان، بۆ پاراستنی پڕۆسەکە هاوئاهەنگی تەواویان لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هەیە.
رۆژی 7ی ئەم مانگە، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بە سێ بازنەی ئەمنی ئاسایشی بنکە و وێستگەکان دەپارێزن، کە پۆلیسی نێوخۆیی لە بازنەی یەکەم، فەوجەکانی فریاکەوتنی خێرا لە بازنەی دووەم و پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە بازنەی سێیەم دا دەبن.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێ.
ژمارەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت و گشتی بەم شێوەیە:
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 8,703 بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: 39,285 وێستگە
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 809 بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت: 4,501 وێستگە