پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما دابەزێت و لە ناوچە شاخاوییەکان باران ببارێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما نزیکەی چوار پلەی سیلیزی دادەبەزێت. کەشناسێکێش پێشبینی دەکات، لەم هەفتەیەدا لە ناوچە شاخاوییەکاندا باران ببارێت.
 
لە  راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ هەینی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و سبەی دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور. هەروەها پلەی گەرمای سبەی هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت".
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بەراورد بە چوارشەممە پلەی گەرما حەوت پلەی سیلیزی دابەزیوە و لە ئەمشەوەوە زیاتر هەستی پێدەکرێت".
 
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، "شەوی 12 لەسەر 13ـی ئەم مانگە لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک باران ببارێت و بارانی گشتگیر لە تەواوی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مانگی داهاتووەوە".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 29 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 30 پلەی سیلیزی
دهۆک: 29 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 30  پلەی سیلیزی
ئامێدی: 26 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 29 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 32 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە: 32 پلەی سیلیزی
سۆران: 29 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 36 پلەی سیلیزی