قوتابخانەی نەسری نموونەیی لە هەولێر نۆژەندەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەی نەسری حکومی لە هەولێر کە تایبەتە بە قوتابییانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق و سیستمی خوێندن تێیدا بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزییە، ئەمساڵ نۆژەنکراوەتەوە و ژمارەیەک قوتابی تێیدا دەخوێنن.
سەفوا رۆژێکی نوێ لە قوتابخانەکەی دەستپێدەکات. ئەو کچە 16 ساڵە خەڵکی بەغدایە و دووەم ساڵیەتی لەگەڵ خێزانەکەی لە هەولێر دەژین و پۆلی پێنجی ئامادەییە.
سەفوا عەلی دەڵێت، "سیستمی خوێندنی هەولێر زۆر باشترە لە بەغدا. قوتابخانەکەمان زۆر گۆڕاوە لە چاو ساڵی رابردوو. تەختەکانمان گۆڕاون، دیوارەکان نۆژەنکراونەتەوە و زۆر شتی دیکەیش. ئێمە لێرە هەست بە جیاوازی ناکەین کە ئێمە کورد نین و خەڵکی بەغداین، هەموو شتێک زۆر باشە."
قوتابخانەی نەسری نموونەیی، قوتابخانەیەکی حکومیی دوو دەوامیی 23 پۆلییە و لە ساڵی 2015 دامەزراوە و، سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقە. ئەو قوتابخانەیە لە پۆلی یەکی ناوەندی تاوەکو پۆلی شەشی ئامادەیی قوتابییەکانی بە سیستمی خوێندنی ئینگلیزی و عەرەبی دەخوێنن.
ئیبراهیم محەممەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نەسری نموونەیی کوڕان دەڵێت، "باڵەخانەکە لە جبسن بۆرد دروستکرابوو و، بەرگەی نەدەگرت زوو تێکدەچوو، کۆمپانیای ڤیژن ئیدوکەیشن هاتن و هەموو شتێکیان نۆژەنکردەوە و کەلوپەلیان بۆ قوتابخانەکە هێنا. سوپاسی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێشی ئێمەی ئاوارەیان کردووە و ئێمە وا هەست دەکەین خەڵکی هەرێمی کوردستانین."
ئەمڕۆ سێشەممە رێوڕسمی کردنەوەی قوتابخانەی نەسری نموونەیی لە دوای نۆژەنکردنەوەی رێکخرا. ئەو قوتابخانەیە لە سێ مانگی پشووی هاوینی ئەمساڵ لە لایەن کۆمپانیای ڤیژن ئیدوکەیشن نۆژەنکراوەتەوە.
زەینەب خەلیل، نوێنەری کۆمپانیای ڤیژن ئیدوکەیشن باسی لەوە کرد، "ئێمە وەکو کۆمپانیای ڤیژن ئیدوکەیشن ئەمە چوارەم قوتابخانەیە. دوو قوتابخانەمان دروستکردووە. دوو قوتابخانەش نۆژەنکراوەتەوە لەلای کۆمپانیای ڤیژن ئیدوکەیشن، ئەم کۆمپانیایە کەرتی تایبەتە و خاوەنی هەندێک قوتابخانە و زانکۆی تایبەتە لە هەرێمی کوردستان. مەبەستمان لە ئیش و ئەو پڕۆژانە ئەوەیە کە راستە ئێمە کەرتی تایبەتین، بەڵام کەرتی تایبەت رۆڵێکی زۆر زۆر گرنگی هەیە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە."
لەو قوتابخانەیە هەزار و 600 قوتابیی کچ و کوڕ دەخوێنن و 108 مامۆستا و کارمەند دەوامی تێدا دەکەن. لە سنووری پارێزگای هەولێر 155 قوتابخانە هەن کە تایبەتن بە قوتابییانی خواروو و، نێوەڕاستی عێراق و سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقن.