بەشێکی شەقامی 30 مەتریی هەولێر بۆ ماوەی سێ مانگ دادەخرێت


رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر ئاوەڕۆیەكی سندووقی بە درێژایی هەزار و 200 مەتر دروستدەکرێت. قایمقامی هەولێریش دەڵێت، بەهۆی کارکردنەوە سبەی بەشێکی شەقامی 30 مەتریی شاری هەولێر تاوەکو 90 رۆژ دادەخرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-11-2022، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت، لە درێژەى کارەکانى تەواوکردنى پڕۆژەى ستراتیژیی ئاوەڕۆى سندووقى شەقامی 30 مەتری و 60 مەتری، لە سبەینێوە هەردوو سایدى شەقامى 30 مەترى لە ترافیک لایتى ئەنجوومەنى وەزیران نزیک کۆنسوڵخانەى فەرەنسا تاوەکو نزیک مزگەوتى حاجى حوسێن بۆ ماوەى 90 رۆژ دادەخرێت.
 
ئاوەڕۆکە کە سندووقییە و درێژییەکەی هەزار و 200 مەترە، بە گوژمەی دوو ملیار و 429 ملیۆن و 370 هەزار دروست دەکرێت.
 
بە گوتەی قایمقامی هەولێر، پڕۆژەکە بەمەبەستى چارەسەركردنی گرفتی كۆبوونەوەی ئاوی باران و رێگریكردن لە دروستبوونی لافاو لە سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێت، پڕۆژەیەکى ستراتیژى و گەورەی ئاوەڕۆیە و ئێستا بەشێكی پڕۆژەكە لەسەر شەقامی 60 مەتری تەواوكراوە و كاری بەشەكەى ترى لە شەقامى 30 مەترى تەواو دەكرێت، لەسەر شەقامی 30 مەتری لە نزیك باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو شەقامی 60 مەتری نزیك سایلۆ درێژ دەبێتەوە و گرفتی کۆبوونەوەی ئاوی باران لە شەقامی 30 مەتری و گوشاری سەر تۆڕەکانی ئاوەڕۆی سنوورەكە چارەسەر دەکات و بەهۆیەوە سیستمی ئاوەڕۆی شاری هەولێر لەو زۆنەدا پێشوەچوون بەخۆیەوە دەبینێت.
 
رۆژی 1-6-2022، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، کۆمەڵێک فاکتەر هەن بۆ دروستبوونی لافاو، یەکێک لەوانە ئەو شوێنانەی کە مەزراکانی توانای وەرگرتنی ئەو هەموو ئاوەی نییە. یەکێکی دیکە لەوانە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، تەیراوا، گڵکەند و کۆمەڵێک شوێن و گەڕەکی دیکەیە، ئەو پڕۆژەیەش چارەسەری یەکێک لە کێشەکان دەکات ئەویش کێشەی گردبوونەوەی ئاوە لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، نەک هەموو شوێنەکان. 
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، "هەولێر تۆڕێکی گەورەی ئاوەڕۆی هەیە، بەڵام کێشەی گەورە ئەوەیە تۆڕی ئاوی باران و ئاوی پیس وەک تێکەڵە، ئەوەش گرفتی دروستکردووە و دەبێتە هۆی گیرانی ئاوەڕۆکان."