کارمەندێکی بەرگریی شارستانیی سێمێل کە بەهۆی تەقینەوەی تانکەرێک سووتابوو، گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

دوای پێنج رۆژ لە مانەوەی جەلال محەممەد لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ ئێوارە نزیک کاژێر 04:00 گیانی لەدەستدا.
 
قادر قاسم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێژەی سووتانی جەلال محەممەد 80%‏ بوو و دوای پێنج رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەر، گیانی لەدەستدا.
 
جەلال محەممەد، کارمەندی بەرگریی شارستانی بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی قەزای سێمێل. شەممەی رابردوو 05-11-2022 کاژێر 18:30 خولەک تانکەرێک لەسەر رێگەی دهۆک - فەیدیە گڕی گرت و لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک و سێمێل تەقیەوە و 12 کەس بەهۆیەوە برینداربوون.
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتان لە دهۆک بە رووداوی گوت، ئێستا تەنیا یەک بریندار لە نەخۆشخانە ماوە کە ناوی دلنرین نادرە و تەمەنی 35 ساڵە. 
 
بەگوتەی قادر قاسم، ئەویش کارمەندی بەرگریی شارستانییە و رێژەی سووتانی 27٪‏ە رەوشی تەندروستیی باشە و رەنگە دوو رۆژی دیکە رەوانەی ماڵەوەی بکرێت.
 
سەبارەت بە بریندارەکانی دیکە قادر قاسم رایگەیاند، ئەوان برینەکانیان سووک بوو، هەمان شەوی رووداوەکە دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.