گۆڕانی زەرگەتە: بایکۆت مەکەن و دەنگ بە نزیکەکانی رێبازی نەوشیروان مستەفا بدەن
رووداو دیجیتاڵ
ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان بایکۆتی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "دەنگ بە نزیکەکانی رێبازی نەوشیروان مستەفا بدەن."
یاسین حەمەعەلی، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان-ئاراستەی گردی زەرگەتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنیان نەکردووە، بەڵکو داوای بەشداریی کارا دەکەن.
ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان خۆیان بە میراتگری سیاسیی نەوشیروان مستەفا دەناسێنن. رێکخەری ژووری هەڵبژاردنەکەیان گوتی، "داوامان لە هەڵسووڕاوان و هاونیشتمانییان ئەوەیە بەشداریی کارای پرۆسەی دەنگدان بکەن، دەنگ بدەن بەو لیست و بەربژێرانەی کە نزیکن لە رێبازی نەوشیروان مستەفا و بەرنامەکەی بزووتنەوەی گۆڕانەوە."
بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر دوو ئاراستەی جیاوازدا دابەشبووە، بەهۆی ئەو دابەشبوونەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رێگەی نەدا بەشداریی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بکات، چونکە مەرجی بەشداری لە هەڵبژاردن بەپێی یاسای هەڵبژاردن ئەوەیە حیزبەکان کۆنگرە بکەن و ماوەی کۆنگرەیان بەسەرنەچووبێ، گۆڕان نەیتوانی کۆنگرە بکات و بەشدریشی لە هەڵبژاردن رەتکرایەوە.
ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن دانا ئەحمەد مەجیدەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، داوایان کردووە هاونیشتمانییان و دەنگدەرانیان لە هەرێمی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن و لە ناوچە کێشە لەسەرەکانیش بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
19ـى ئەیلوولی 2024، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی ئەوکاتی بزووتنەوەی گۆڕان، بریکارنامەی گشتیی بۆ دانا ئەحمەد مەجید کرد و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد، ئەو هەنگاوە بزووتنەوەى گۆڕانى کرد بە دوو بەرەى دژ بەیەک و تاوەکو داخستنی دەرگەی گردی زەرگەتە و کردنەوەی مەکۆیەکی دیکە لە گەڕەکی کوردسات بەناوی بارەگای سەرەکیی گۆڕان سەری کێشا.