حەج و عومرە: نزیکەی 40 مامۆستای ئایینی بێ بەرامبەر دەنێرینە حەج

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە تیروپشک بۆ حەجی ساڵی داهاتوو بۆ مامۆستایانی ئایینی دەکەن و ئەوانەی ناویان دەردەچێ بێ بەرامبەر دەنێردرێنە سعودیە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ چوونە حەجی ساڵی داهاتوو 400 مامۆستای ئایینی داواکارییان پێشكێش کردووە کە سەرپەرشتی حاجییان بکەن. پێنجشەممە تاقیکردنەوەیەک دەکرێت و نزیکەی 40 کەسیان کە سەردەکەون دەنێردرێنە حەج."
 
کاروان ستوونی گوتیشی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی تەواو بە مامۆستایانی ئایینی دەدات و لەو چوارچێوەیەدا تێچووی ئەو ژمارە مامۆستا ئایینییە بۆ رێوڕەسمەکانی حەجی ساڵی داهاتوو دەگرێتە ئەستۆ."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، لە چوار ساڵی رابردوودا "زیاتر لە 180 مامۆستای ئایینی وەک مورشید و موفتی بە خۆرایی و بێبەرامبەر حەجیان ئەنجام داوە."
 
کاروان ستوونی گوتی، "لە چوار ساڵدا زیاتر لە 700 مامۆستای ئاینیی لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێبەرامبەر رێوڕەسمەکانی عومرەیان ئەنجام داوە."
 
پار لە 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمارکردبوو. لە کۆی  120 هەزار کەس کە فۆرمیان پڕکردبووەوە، 5 هەزار و 125 کەس لە تیروپشکەکە ناویان دەرچوو.
 
بۆ حەجی ساڵی 2026، ئەم ساڵ زیاتر لە 90 هەزار داواکاری تۆمارکراوە. کاروان ستوونی گوتی: "لەم مانگەدا تیروپشک دەکرێ و لەو ژمارەیە 5 هەزار و 125 کەس ناویان دەردەچێت."