یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی: بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، "هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگە بۆ نوێکردنەوە و ئیدارەدانی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک، بۆیە ئەمانەت و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و چەند بە پاکی و رێکوپێکی و بێ فڕوفێڵ بەڕێوەبچێت، هەر کەمە."
 
لە بەیاننامەکەیان دا کە ئەمڕۆ 10ی تشرینی دووەمی 2025 بڵاویکردووەتەوە، یەکێتیی زانایان ئاماژە بەوە دەکات، "خوازیارین ئەم هەڵبژاردنە وێستگەیەکی خێر و ئارامی بێت بۆ گەلی کورد و کوردستان."
 
هەروەها لە بەیاننامەکەی یەکێتیی زانایاندا هاتووە، "بەپێی واقیع، پێگەی کوردستان لەناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق چەند بەهێز بێت، زیاتر توانای بەرگری و داکۆکیکردن لە مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی دەبێت."
 
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی داوا لە خەڵک دەکات، بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، "بەشداریی بەرفراوان و کارای هاووڵاتییان لە چوارچێوەی بنەما شەرعی و یاساییەکاندا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان و کەشێکی ئارام؛ ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی کوردستان گرنگترە."
 
دوێنێ 9ی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی تایبەت بو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، سبەی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەدەچێت.