کۆمیسیۆن: لە دەنگدانی تایبەت حاڵەتی بردنی پێداویستییەکانی دەنگدان هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەند دەنگدەرێک قەڵەمی دەنگدانیان بردووە و داوا لە دەنگدەران دەکات پێداویستییەکانی دەنگدان نەبەن.
رۆژی یەکشەممە، 09-11-2025، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دەنگدانی تایبەت بە شێوازێکی گشتی زۆر بە باشی بەڕێوەچوو، بەڵام وەکو هەموو دەنگدانێک هەندێک حاڵەتی بردنی پێداویستییەکان هەبوون، بەڵام ئێمە هەموو کاتێک پێداویستی و قەڵەمی یەدەگمان لایە و دایاندەنێینەوە شوێنیان."
نەبەرد عومەر دەڵێت، دەستکاریکردن و بردنی کەلوپەلەکانی دەنگدان "رەفتارێکی ناشارستانییە و هەڵەیە."
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان داوای لە دەنگدەران کرد بۆ هەڵبژاردنی گشتی دووربکەونەوە لەو رەفتارانە.