لە هەولێر 4 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکران

رووداو دیجیتاڵ

بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر چوار هەزار فەرمانبەری سەنتەری شاری هەولێر تیروپشک کرا. وەزیری شارەوانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 29 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانییەکەدا دابەش کراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 10-11-2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، قۆناخێکی دیکەی تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانیی شاری هەولێر بەڕێوەچوو. 
 
ساسان عەونی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەم قۆناخەدا چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیدا دابەش دەکرێن.
 
ئەمە چوارەم قۆناخی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانیی شاری هەولێر بوو. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گوتی، لە قۆناخەکانی پێشوودا نزیکەی 25 هەزار پارچە زەوی دابەش کرابوون.
 
قۆناخی یەکەم چوار هەزار پارچە زەوی، قۆناخی دووەم 14 هەزار و قۆناخی سێیەم کە 28ـی تشرینی یەکەم بوو، حەوت هەزار و 500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانییەکەدا دابەش کران.
 
27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا، کە سوودمەند نەبوون.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.