لەگەڵ رەنج؛ قەیرانی ئاو بەرۆکی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووە، چۆن خاکەکەمان لەم تینوێتییە رزگار بکەین؟
رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی نوێی لەگەڵ رەنج-ی تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونێکی وردی بۆ کێشەی کەم ئاوی، کەمبارانی، دۆخی ئاوی ژێر زەوی و دروستکردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان وەکو رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە کردووە. لەگەڵ دەستخستنە سەر کێشەکان، میوانەکانی کە کەسانی شارەزا و پسپۆڕن، چارەسەریشیان پێشنیاز کردووە.
لە کاتێکدا کە ژمارەی دانیشتووانی جیهان بە خێرایی گەشە دەکات و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر دەردەکەون، قەیرانی ئاو لە جیهان دا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ئەمڕۆ 2.2 ملیار کەس لە جیهاندا دەستیان بە ئاوی خواردنەوەی سەلامەت ناگات، و 3.5 ملیار کەسیش بێ خزمەتگوزاری پاکوخاوێنی گونجاو دەژین، ئەمە بەپێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO).
ئەم ژمارانە تەنیا سەرەتای کێشەیەک پیشان دەدەن کە هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک، تەندروستی گشتی، و تەنانەت سەقامگیری کۆمەڵایەتی دەکات.
راپۆرتی ئاوی 2024ی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە نزیکەی نیوەی خەڵکی جیهان لانیکەم مانگێک لە هەر ساڵێکدا گرفتی کەمیی ئاویان هەیە. چارەکێکی دانیشتوانی جیهان لەژێر "گوشارێکی زۆری ئاو"دان، بەپێی پەیمانگای سەرچاوەکانی جیهان. ئەم دۆخە لە ناوچەکەمان دا، بەتایبەتی لە وڵاتانی وەکو ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا، زۆر ناهەموارترە، کە بەشێکە لەو ناوچانەی زۆرترین کێشەی کەمیی ئاویان هەیە.
گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی راستەوخۆ و نەرێنی لەسەر دۆخی ئاو داناوە. وشکەساڵی و کەمی بارانبارین بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو. خزمەتگوزاریی کەشناسی نیشتمانی ئەڵمانیا (DWD) رایگەیاندووە کە "ئیدی ناتوانێت بە دڵنیاییەوە بارانبارین پێشبینی بکات، چونکە ناسەقامگیری کەشوهەوا سیستەمەکانی کەشوهەوای بەتەواوی تێکداوە."
لە ناوچەکەماندا، داتاکانی مانگی دەستکردی ناسا (GRACE) پیشانی دەدەن کە "یەکێک لە گەورەترین کەمبوونەوەکانی ئاوی ژێر زەوی لە سەرانسەری جیهان لە ناوچەی رووبارەکانی دیجلە و فورات و رۆژئاوای ئێراندا رووی داوە."
پڕۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین توێژینەوەی ئەکادیمی دەڵێن کە "پڕۆژە گەورەکەی بەنداوی گاپ (GAP) لە تورکیا، ئاوەڕۆکانی رووبارەکانی دیجلە و فوراتی زۆر کەمکردووەتەوە کە بووەتە هۆی ئەوەی ئەم ساڵ یەدەگی ئاوی عێراق بگاتە نزمترین ئاستی لە 90 ساڵی ڕابردوودا."
چۆن ئاو بەفیڕۆ دەدەین؟
بەکارهێنانی نادروستی ئاو لەلایەن تاکەکان و پیشەسازییەکانەوە رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لەم قەیرانەدا.
کاتێک ددانت دەشۆیت و شیرەکە بە کراوەیی بەجێ دەهێڵیت، نزیکەی 8 لیتر ئاو بەفیڕۆ دەڕوات. خۆشۆردنێکی 10 خولەکیش نزیکەی 75 لیتر ئاو بەکاردەهێنێت، و یەک فلەشی تەوالێتەکەت نزیکەی 9 لیتر ئاوی خاوێن بەفیڕۆ دەدات. لە کاتێکدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیار دەکات کە 50 بۆ 100 لیتر ئاو بۆ هەر کەسێک لە رۆژێکدا بەسە، خەڵک لە وڵاتانی پێشکەوتوودا زۆرجار لە رۆژێکدا زیاتر لە 300 لیتر بەکاردەهێنن.
لە کەرتی کشتوکاڵیشدا، کە زۆرترین بڕی ئاو بەکاردەهێنرێت، بەرهەمهێنانی کیلۆیەک تەماتە نزیکەی 214 لیتر ئاوی پێویستە، و بۆ بەرهەمهێنانی کیلۆیەک خورما، زیاتر لە 2000 لیتر ئاو پێویستە.
زانایان وێنەی سەتەلایت و داتاکانی رۆبۆتەکانی ناسا پیشان دەدەن کە مەریخ رۆژێک لە ڕۆژان رووبار و دەریاچە، و تەنانەت لەوانەیە زەریایەکیشی هەبووە، بەڵام ئێستا وشک و بێ گیانە. ئایا زەوی رۆژێک لە رۆژان رووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبێتەوە ئەگەر بەردەوام بین لە بەتاڵکردنەوەی سەرچاوەکانمان؟
سەرەڕای ئەم دۆخە ناهەموارە، هێشتا هیوایەک هەیە بۆ داهاتوو. ئیلۆن مەسک ئاو بە "زێڕی راستەقینەی هەسارەکە" ناودەبات و داوا لە پیشەسازییەکان دەکات بە ژیرانە بەکاری بهێنن، تەکنەلۆژیای وەکو شیرینکردنی ئاو و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو دەتوانێت داهاتووی زەوی مسۆگەر بکات. وڵاتانی وەکو ئیسرائیل و سەنگاپوور تاوەکو 90%ـی ئاوە پاشەڕۆکانیان دووبارە بەکاردەهێننەوە و، سعودیە و ئیمارات پڕۆژەکانی شیرینکردنی ئاویان گەورەتر کردووە.
لە هەرێمی کوردستان، 25 بەنداو لە کاردان و 10 بەنداوی دیکە لەژێر دروستکردندان، و لێکۆڵینەوەکان 225 شوێنی گونجاویان بۆ بەنداو دەستنیشان کردووە. ئەم پڕۆژانە دەتوانن شێوەی هەموو رووبارێکی گەورەی ناوچەکە بگۆڕن و بەڕێوەبردنی ئاوی ناوخۆیی دەکەنە پێویستییەکی ستراتیژی. سیستمی ئاودێریی ژیری دەستکردیش یارمەتیی جووتیاران دەدات لەسەدا 30 کەمتر ئاو بەکاربهێنن. تەنانەت پڕۆژەی بارانبارینی دەستکرد (cloud seeding) ، کە لە زیاتر لە 50 وڵات تاقیکراوەتەوە، سەرکەوتنێکی سنوورداری دەرخستووە و هەندێکجار ڕێژەی بارانبارین تاوەکو لەسەدا 15 زیاد دەکات.
پەیامەکە روونە؛ ئاو ژیانە و بەڕێوەبردنی بە ژیرانە هێشتا لە توانای ئێمەدایە. زانست، داهێنان، و کاری ناوخۆیی دەتوانن یارمەتیمان بدەن دڵۆپ بە دڵۆپ هاوسەنگی بگەڕێنینەوە. ئەگەر بەردەوام بین لە بەکارهێنانی نادروست و بەفیڕۆدانی ئەم سەرچاوە گرانبەهایە، ئەوا ئایندەیەکی نادیار چاوەڕێمان دەکات. بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە کار بکەین، دەتوانین داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆمان و بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکەین.
رەنج سەنگاوی بەشێکی بەرنامەکەی بەشێوەیەکی مەیدانی چووەتە کۆمەڵگەی چڕە لە سنووری دهۆک و گوندی سنکێ لە سنووری شارباژێر، لەگەڵ جووتیار، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان، ئەندازیاری کشتوکاڵی و ژمارەیەک هاونیشتمانی گفتوگۆی کردووە، ئەمەش دەقی قسەکانیانە:
کۆمەڵگەی چڕە - سنووری پارێزگای دهۆک
رەنج سەنگاوی: زەویەکی شەقار شەقار تەنیا شنەبایەک بەسە بۆ ئەوەی تەپوتۆزێکی زۆر لەم خاکەوە هەڵبسێتێنێت، درەختەکان هەندێکیان خۆگرن و سەوز ماونەتەوە، هەندێکیان لە چاوەڕوانی باراندان و لە گیانەڵادان ئەو بەردانەی لە ژێر ئاوی روونی رووبارەکانەوە ساڵانێ پێش ئێستا رەنگەکانیان نمایش دەکرد ئەمڕۆ لە کەڵەکە بەردێکی رووخاو دەچن و قەوزەی وشکەوە بوو، هەموویانی کردووە بە یەک رەنگ، شوانەکان بێ جەو لێو قڵیشاو بە وشکە سەرمای پاییز و نەبوونی شێیەک لە بادا لە شوانێکم پرسی چ کەڵکی هەیە هێنانە دەرەوەی مەڕەکان لەم زەویە وشکەڵانەدا؟ گوتی" تەنیا بۆ رێککردنی مەڕەکانە و هیچی تر تەنیا دوو جار ئاویان دەدەم لە رۆژێکدا بەیانیان کە دەیانهێنمە دەرێ و ئێوارەش کە دەیانبەمەوە".
شوانێک: باشترە مەڕەکان رێبکەن و نەوەستن تەنیا بۆ جەوگۆڕین دەیانهێنمە دەرەوە.
رەنج سەنگاوی: زەوییە وشکەڵانەکە مێرگەکانیشی وشکن و کانیاوەکان نەماون و بیرەکانیش وشکتر، بەڕاستی بۆ پێشکەشکاری پرۆگرامێک و بینەرەکانیشم بەرگەگرتنی ئەم دیمەنانەی کوردستان بە سوێن، چیدی کشتوکاڵ کردن بەو رێگا کلاسیکەی جاران ناکرێت، دەبێ تەماتە و باینجان و پەتاتە و بیبەر و دارهەنارەکان هێدی هێدی فێری دڵۆپە ئاو بکەین بۆ ئەمەش هەندێک جووتیار دەستیانکردووە بە رێگای زانستی ئاودان.
زەینەب عەبدوڵڵا، ئەندازیاری کشتوکاڵی: بەخێر بێی کاک رەنج، من وەکو ئەندازیارێک کاری کشتوکاڵ دەکەم.
رەنج سەنگاوی: کشتوکاڵ لێرە پێشکەوتووە من ئەوەم بینی و زۆر دڵم خۆشبوو.
زەینەب عەبدوڵڵا، ئەندازیاری کشتوکاڵی: لەم سەردەمەی ئێستا دەبێ هەموو شتێک بە شێوازی مۆدێرن بەڕێوەبچێت تاوەکو بتوانین کوردستان پێش بخەین.
رەنج سەنگاوی: ئێستا کە زەوییەکە دەکێڵیت هەست دەکەیت زەوییەکە بەهۆی وشکە ساڵییەوە رەق بووە؟
زەینەب عەبدوڵڵا، ئەندازیاری کشتوکاڵی: بەڵێ بەهۆی وشکەساڵییەوە زەوی رەق بووە، ئێستا لەم ناوچەیەی ئێمە جووتیاران یەکەم جار ئاوی زەوییەکانیان دەدەن ئینجا دەست بە کێڵان دەکەن لەبەرئەوەی زەوی رەق بووە و هەموو بووەتە کەستەک، ئەم کەستەکەش ناتوانی هیچی تێدا بچێنیت، بۆیە دەبێت هەر ئاو بدرێت بۆ ئەوەی بتوانیت بەربوومێک بچێنێت.
رەنج سەنگاوی: زەوی هەیە لەم دەرووبەرە بەهۆی ئەوەی بووە بە کەستەک ئێستا بەکەڵکی کشتوکاڵ نەمابێت و پێویستی بە پشوو بێت؟
زەینەب عەبدوڵڵا، ئەندازیاری کشتوکاڵی: بەڵێ، هەیە ئێستا ئێمە ئەو زەییەمان بە جێهێشتووە، چونکە زۆر بووەتە کەستەک بەهۆی کەمئاوی و وشکە ساڵییەوە.
رەنج سەنگاوی: ئاخر دڵ و چاو چۆن باوەڕ دەکەن ئەم بەردەڵانە وشکەڵەی کە بە ناویدا رێدەکەم هەمان ئەم رووبارە جوان و سەرنجڕاکێشەی دوێنێ، هەموو ئەم دیمەنی بەراوردکارییەی لەسەر شاشەکە دەیبینن رابردوون، لەگەڵ ئەمڕۆ دەبێ بە رەگی درەختەکانیش بڵێن خۆتان بگرن تاوەکو خودا دەروویەک ئەکاتەوە تاوەکو هەورەکان چڕ دەبنەوە و نەرمەبارانێک دەبارن، ماسییەکان بوون بە یادگاریی رووبارەکان ئەم کیسەڵانە کە لە هێلکەکانیان هاتنەدەر هەرگیز پێشبینی مردنیان نەدەکرد لە تینۆتیدا گەڵاکان جوانەمەرگ بوون پێش وادەی خۆیان زەرد بوون ئەم هەمووەرینە پایز زەردی نەکردوون، بەڵکو تینوێتییە بڕستی لێ بڕیون و ئاوا وشکی کردوون، ئای توونێتی بۆ هەموو زیندەوەران چەند بە ئازاریت هەر ئەوش نا، وشکە ساڵی چەندین زیندەوەری زیاد کردووە ئەوەتانەی ئەم خاکەیان کون کون کردووە، ئەمانە کونی جرجەکانن ئێستا هەندێک لە گوندەکانی کوردستان لە تاو جرجەکان خەریکە رادەکەن.
رەنج سەنگاوی : من لێرەوە هاتم پرسیارێکم بۆ دروست بوو ئەم زەویە بۆ وا کون کون بووە؟
شوانێک: بەخوا لەبەر بێ ئاوی و وشکە ساڵی و مشک و جرج وای لێهاتووە.
رەنج سەنگاوی: جرج ئەم ساڵ زۆرە؟
شوانێک: بەڵێ ئەم ساڵ زۆر زۆرە، فولە.
رەنج سەنگاوی: پێشت وا نەبوو؟
شوانێک: نا پێشتر کەمبوو، ئێستا ناوماڵیش پربووە.
رەنج سەنگاوی: ناو ماڵانیش؟
شوانێک: بەڵێ ناو ماڵانیش پڕ بووە، بەهۆی بێ بارانی و وشکەساڵییەوە.
رەنج سەنگاوی: ئەی زەوییە بۆ ئاوایە زۆر چووەتە خوارەوە؟
شوانێک: هەمووی بەهۆی بێ بارانی وشکەساڵییەوە وای لێهاتووە.
رەنج سەنگاوی: دووربێت دەڵێی بومەلەرزەیە، پێشتر شتی وات بینیوە؟
شوانێک: ناوەڵڵا، ئەوە نزیکەی دووساڵە ئاوایە.
رەنج سەنگاوی: لەوەڕگا هەیە بۆ چێڵەکانت؟
شوانێک: زۆر کەمە وەکو ساڵانی پێشتر نییە، هەر ناتوانین لەماڵ دەریان بێنین.
رەنج سەنگاوی: پێشتر کانی لێرە هەبوو؟
شوانێک: بەڵێ هەبوون، بەڵام باران نەباری و کانیش وشکبووە ئاو نەما.
رەنج سەنگاوی: یانی ئاژەڵەکان بەیانی دێنە دەرەوە ئاو نییە بیخۆنەوە؟
شوانێک: ئاو ناخۆنەوە تاوەکو ئێوارە دەیانبەینە ماڵەوە.
رەنج سەنگاوی: پێشتر چۆن بوو؟
شوانێک: پێشتر رۆژی دووجار ئاومان دەدانێ، دەمانبردنە سەر رووبار و ئاومان دەدانێ.
رەنج سەنگاوی: رووبار هەبوو لێرە؟
شوانێک: بەڵێ هەبوو هەمووی وشکبووە.
گوندی سنکێ - ناحیەی چوارتا - سنووری شارباژێر
رەنج سەنگاوی: لەم گوندی سنکێیەدا لە حەوشەکەی دادەخەجێ سەوزەڵانترم نەبینی ئەم جگەرە ناکێشێ، بەڵام بە یادی سەردەمی مناڵی بە ئاوی تانکییەکەی چەند بنجە تووتنێکی رواندووە لەم ماڵە بە کەیفە، بەڵام لە باخەکەی دڵی وەکو تەندوورەکەی بڵێسەی دێت، بۆ تووەکەی کە ئەویش داوێتە کزی، بۆ هەنجیرە بێ ئاوەکەی بۆ هەنارە بێبەرەکانی، ئەمەش کاک محەممەدە، کاک محەممەد پیاوێکی شارباژێڕییە پێش وشکەساڵی بیناییەکانی لەدەستداوە هێشتا دیمەنەکانی ناو سەری ئەم سەوزن هێشتا قورسە بە وشە بتوانی باوەڕ بەم بهێنیت کە شارباژێڕی سەوز و پاراو لە زۆر لاوە بووە بە وشکەڵان.
محەممەد ئەحمەد، هاونیشتمانی: من وەختی خۆی چاوم هەبووە ئەم چەمە ئەوەنە زۆر بووە ئەوەنەی کشتوکاڵ لێبووە ئەوەنەی باخ لێبووە یانی هەر حەزت دەکرد بەو ناو باخ و چەم و ئاوایا بڕۆی،ت یانی وێنەکانی لە چاو ئێستایە کە من رۆژانە پرسیار ئەکەم کە ئەو چەمە هەمووی وشکی کردووە و ئەو درختە پرس ئەو پردەوە زیاتر پەنجا دۆنم ئەبێ هەمووی باخ بوو، هەمووی مەسەلەی بێ ئاوی وشک بووە ئێستا من کە بۆم باس دەکەن، رۆژانە پرسیار دەکەم کەم رۆژ هەیە پرسیار دەکەم ئێمە خەریکین ببین بە بیابان.
رەنج سەنگاوی: ئەو نازانێ وشکەساڵی شەرمی لە وشکبوونی رەگی قووڵی میوە بە تەمەنەکانیش نەکرد، ئەو نازانێ تەنانەت دارگوێزەکەی حەوشەکەشی وشکبووە، سەیری ئەم دیمەنانە بکە قورسە مرۆڤ باوەڕ بهێنێت کە ئەم رووبارە خوڕانە ئەم بیابان و بەردەڵانە وشکەیە کە رووداو وێنەی گرتوون بە ناویدا رێ دەکەم، گەورە و بچووکی ئەم گوندی سنکێیە داوای دروستکردنی بەنداوی قوتابیانیان دەکرد.
بەڕێزان ئەم دیمەنە جوانەی کە ئێستا ئەیبینن لەسەر شاشەی رووداو ئەمە لە دەستە راسمەوە شاخی وەڕازە، ئەمەش تابیانە سەیری ئەم دۆڵە بکەن تاوەكو چاو بڕ دەکات دۆڵە، خەڵکەکە داوادەکەن ئەمە یەکێکە لەو پۆینتانەی کە زۆر دەمێکە دەستنیشانکراوە بۆ بەنداو، ئەم دۆڵە تاوەكو ئاوا بڕۆی تەسکتر دەبێتەوە زەوی هیچ کەسی بەرناکەوێت، واتە هیچ ئیستیملاک کردنێکی ناوێت کە حکومەت قەرەبوو پارە بداتەوە بە خەڵک، 25 گوند سوود دەبینێت لەم بەنداوە ئاوەدانییەک رووندەکاتەوە، ئەم ناوچەی چوارتا و ئەم ناوچەی ئەم هەموو گوندە کە هەر هەموویان لە مێژووی کورددا رۆڵی گەورەیان بینیوە لە خەباتەکانی کورددا رۆڵی گەورەیان بینیوە، بە گرتنی ئێرە ئاوێکی زۆر زۆر دروست دەبێت، ئەمە جگە لە بووژانەوەی ئاوی ژێر زەویش ئینجا با ئێستا دیمەنی کارەساتەکانتان پیشان بەم بزانە دڵ بەرگەی دەگرێت بزانە ئەمە چەند ئاسانە دروستکردنی، وەڵڵاهی هیچی ناوێت بیلاهی هیچی ناوێت.
بەنداوەکان لە هەموو چۆم و پێدەشت و رووبار و مێرگێک زیاتر لە کەم بوونەوەی ئاو تێدەگەن، دووکان لە چاوەڕوانی پڕبوونەوەدا ساڵەکانی بەڕێدەکا ئەو ئەبێ هەم دارگوێزەکانی بۆ گرنگ بێت و هەم دارخورماکانیش، کاک کۆچەر کە بەڕێوەبەری بەنداوی دووکانە زۆربەی ساڵان بە بەلەمێک لەگەڵم هاتۆتە ناو ئاوەکە، ساڵانێک بەر لە ئێستا ئاستی دابەزینی ئاوەکە دوازدە مەتر بوو لە پێلماوسەکەوە ئەو زۆر نیگەران بوو ئەی ئەم ساڵ بووە بە چەند؟ ئەم بەنداوە حەوت ملیارییە ئێستاکە چەند ئاوی تێدایە؟
رەنج سەنگاوی: کاک کۆچەر زۆر زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە بەیەکەوە ئەم پیاسە دەکەین ئا ئاوا بە ئاستی بینینی من نا ئاسایی دابەزیوە، ئێستا تۆ رەنگە هەموو ملەکان هەموو گردەکان هەموو سێبەرەکان بناسیتەوە و لە من زیاتر دابەزینەکە ببینی.
كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان: بەڵێ وایە، ئەم ساڵ کە 2025ـە بە راستی لە وشکترین ساڵەکان بوو، ئەوە داتای لای ئێمە هەیە 65 ساڵە، بەڵام دەتوانم بڵێم لەوانەیە زۆر پێشەوەش ساڵی وەکو ساڵی 2005 وشک نەبوو، عێراق دەڵێن 90 ساڵە ئەوان ئاستی دابەزین ئاوا نەبووە؟
كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان: من باسی ئەوە ئەکەم کە ساڵەکە ساڵێکی وشکبوو، رێژەی باران بارین زۆر زۆر کەم بوو، بە تەنیا ئەوەی هاتە ناو دەریاچەکەمانەوە، ئەو کاتە من بۆ ئێوەم باسکرد وابزانم لە بەرنامەکەی پێشتردا گوتم 600 ملیۆن هاتووە بە کۆی ساڵەکە لە 1/10/2024 ـەوە تاوەکو1/10/2025 یانی تاوەکو مانگێک پێش ئێستا تەنیا نزیکی 900 ملیۆن مەتر سێجا رژایە ناو دەریاچەکەمانەوە، کە ئەمە کەمترین رێژە بوو لە ماوەی ئەو 65 ساڵەی کە تەمەنی بەنداوەکەیە، رێژەی باران بارینەکە 200 ملیم بوو، بەڵام داهاتەکەمان یەکجار کەم بوو، تاکە ساڵە لە یەکی دەی پارەوە تاوەکو یەکی دەی مانگێک پێش ئێستا هەموو رۆژەی ئاستی ئاوەکەمان دابەزیت هەموو رۆژەیەک دابەزیت ئیدارەدانی ئاوەکە ساڵی رابردوو زۆر زۆر گران بوو، بە راستی یان ساڵێکی زۆر زەحمەتمان تێپەڕاند، بەڵام ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە هەم دەریاچەکە زۆرترین ئاوی تێدا بمێنێتەوە و هەم رووبارەکەش وشک نەبێت و کەمترین ئاوی پێدا دەپەڕێت، ئەو باڵانسە ئەمساڵ بەڕێمان کرد هەرچۆنێک بێت، دەبێت بزانین ئیدارەی بدەین بە راستی، ئەبێ وا بکەین نە باشوور تینوو بکەین و نە دارخورماکان و نە دار گوێزەکانتش.
رەنج سەنگاوی: وەڵاهی ئەمە قسەیەکی زۆر زۆر جوانە و بەرپرسیارێتیەکی زۆر ئەخلاقیشە، ئا ئەمە پێشووتر بە دەرەوە نەبوو؟
كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان: نەخێر بە دەرەوە نەبوو.
رەنج سەنگاوی: ئێستا نەوڕەسەکانت هاتوونە ئەوێ بۆ بە جێگای ئەوان و بێڵماوسەکە سی مەتر دابەزیوە ئەی خۆزگەم بەو رۆژانەی لەسەرێ دڕژا ئیشەڵڵا دەبینینەوە.