خوێندنی باڵا: کرێی هەڵسەنگاندنی زانستی و زمانەوانیی خوێندنی باڵا لە داهات دەدرێ


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کرێی هەڵسەنگاندنی زانستی و زمانەوانی بۆ خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا لە داهاتی زانکۆکان خەرج دەکرێ، نەوەک لە گیرفانی خوێندکاران.

د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نووسراوی گشتاندنمان بۆ هەموو زانکۆ حکومییەکان کردووە کە نابێت پارەی هەڵسەنگاندنی زانستی و زمانەوانی بۆ خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا لەسەر ئەستۆی خوێندکارەکە بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر داهاتی زانکۆکان خەرج بکرێ".
 
گشتاندنەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەکاتێکدایە، ئێستا بۆ هەڵسەنگاندنی زانستی و پێداچوونەوەی زمانەوانی 200 تاوەکو 300 هەزار دینار لە خوێندکاران وەردەگیرێت.
 
د. توانا نەجەف گوتی: "پارە لە خوێندکاران وەرەگیرێت بۆ کرێی هەڵسەنگاندن ئاساییە، بەڵام دەبێت دواتر پارەکەی بۆ خەرج بکرێتەوە".
 
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، "کرێی هەڵسەنگاندنی زانستی و زمانەوانی بۆ نامەی توێژینەوەی خوێندکارانی خوێندنی باڵا، بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە 07ـی ساڵی 2015 خاڵی حەوتەم، لەسەر داهات خەرج دەکرێت".