کشتوکاڵی هەولێر: لە هەر شوێنێک سەوزەتان بینی بە ئاوی پیس ئاو دەدرێت ئاگادارمان بکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، بە شێوەی لەناکاو سەردانی هەموو ئەو زەوییانە دەکەن کە سەوزە دەچێنن، لە هەر شوێنێک سەوزە بە ئاوی پیس ئاو بدرێت لەنێوی دەبەن و دەست بەسەر کەرەستە بەکارهاتووەکانیشدا دەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-12-2023 هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لیژنەی هاوبەشیان هەیە و بە شێوەی لەناکاو سەردانی هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە سەوزە دەچێنن، هەر شوێنێک بە ئاوی ئاوەڕۆ و ئاوی پیس سەوزەکەی ئاو بدات، رێگریی لێدەکەن و دەست بەسەر ئامێرەکانیدا دەگرن.
هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوە کرد، "کۆتایی هەفتەی رابردوو دەیان دۆنم زەویی بە سەوزە چێندراومان لەنێو برد، کە بە ئاوی پیس بەرهەم دەهات و دەستمان بەسەر 26 موزەخەدا گرت کە بۆ ئاودانی سەوزەکە بەکاردەهێندران."
ئەو سەوزانەی لەنێوبراون دەکەونە گوندەکانی توڕهق، سوێری، عهرهب كهند، بن بێرز، جمكه، دهلووگول، خهزنه و دهێمات، کە ئاوی ئاوەڕۆی هەولێریان پێدا تێدەپەڕێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوەش كرد، هەڵمەتەکانیان دژی چاندنی سەوزەی پیس بەردەوام دەبێت، داواشی لە هاونیشتمانیان کرد، لە هەر شوێنێک بینییان سەوزە بە ئاوی پیس ئاو دەدرێت، کشتوکاڵی هەولێری لێ ئاگادار بکەنەوە.
بە گوتەی هێمن سەید موراد، ئێستا بەرهەمی سەوزەی پاک لە سنووری هەولێر زیاتر لە پێداویستی نێوخۆی ناوچەکە پڕ دەکاتەوە.
سەوزە خواردنێکی رۆژانەیە لە هەرێمی کوردستان، کڕیار نازانێت سەوزەکە بە ئاوی خاوێن یان ئاوی ئاوەڕۆکان ئاودراوە، سەوزەی بەرهەمهاتوو بە ئاوی پیس دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشی، دیارترینیان کۆلێرا، سکچوون و رشانەوەی تووندە.