هەشت رۆژە دەروازەی شوشمێ بەڕووی بازرگانیدا داخراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ناڕەزایی بەشێکی شۆفێرانەوە هەشت رۆژە دەروازەی شوشمێ لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕووی بازرگانیدا داخراوە. شۆفێرێک دەڵێت، ئەمڕۆ کێشەکەیان چارەسەر نەکرێت، لەبەردەم پارێزگای هەڵەبجەدا خێوەت هەڵدەدەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-12-2023 رزگار عەلی، یەکێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازەی شوشمێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، داخستنی دەروازەکە بەڕووی بازرگانیدا بەردەوامە، ئەگەر ئەمڕۆ کێشەکەیان چارەسەر نەکرێت لەبەردەم پارێزگای هەڵەبجەدا خێوەت هەڵدەدەن.
 
رزگار عەلی گوتی، "بە نووسراوی چەند بەرپرسێکی هەڵەبجە و بێ پرسی ئێمە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ هێڵەکەمان زیاد کراوە، ئێمەش داوامان کردووە بە نووسراوێکی فەرمی نووسراوی پێشووی زیادکردنی بارهەڵگر بۆ هێڵەکەمان هەڵبوەشێتەوە."
 
نووسراوەکە دەبێت لە وەزارەتی گواستنەوەوە بکرێت و بڕیاری پێشوویان هەڵبوەشێندرێتەوە، 5ی ئەم مانگە کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نووسراویان بۆ وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان کردووە بۆئەوەی کێشەی ئەو شۆفێرانە چارەسەر بکەن.
 
کاوە عەلی گوتیشی، پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە یان قایمقامی هەڵەبجە کێشەی دەروازەی شوشمێیان چارەسەر کردووە، چونکە تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی هیچ بەرپرسێکی بە فەرمی بۆ دەروازەکە دیاری نەکردووە.
 
لە 3ی ئەم مانگەوە دەروازەکە بەڕووی بازرگانیدا داخراوە، بەڵام هاتووچۆی گەشتیاری ئاساییە.
 
لە دەروازەی شوشمێ دوو جۆر بارهەڵگر کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە؛ ئۆتۆمبێلی بەشێکیان پێیدەگوترێت تاک و بەشەکەی دیکە سکس. ئەوانەی تاکن توانای هەڵگرتنی 10 تۆن کاڵایان هەیە، بەڵام ئەوانەی سکسن توانای هەڵگرتنی 17 تۆنیان هەیە.
 
ئەو ئۆتۆمبێلانەی تاکن 55 ئۆتۆمبێلن و دەڵێن نرخی هێڵەکەیان 75 هەزار دۆلارە، بەڵام هێڵەکەی دیکە نرخی 45 هەزار دۆلار (4 دەفتەر و نیو)ـە و بڕیاردراوە 25 بارهەڵگری ئەو هێڵە بخرێنەسەر سەر هێڵە گرانەکە، ئەوەش ناڕەزایی 55 شۆفێرەکەی لێکەوتووەتەوە.
 
رۆژی 27-06-2023 دەروازەی شوشمێ لە سنووری هەورامان بە فەرمی بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە، بەڵام پێش ئەو رێککەوتەش هاتووچۆی بازرگانی تێدا دەکرا. دەروازەکە تاوەکو ئەمڕۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراوە.
 
چەند دەروازەیەکی سنووری لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراوی نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن. هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شوشمێ هەن کە تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون.