سەڵاحەدین بابەکر: پارتی و یەکێتی بەدەم دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووەوە نەهاتن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 30ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە ژێرخانێکی گونجاو بۆ ئاوەڕۆ و چارەسەرکردنی لافاو دابین بکات و دەڵێت: "ئەوەی روودەدات شکستی حکومڕانییە." هەروەها ئاشکرای دەکات کە دەستپێشخەرییەکیان بۆ کۆکردنەوەی شەش لایەنی کوردستانی خستووەتەڕوو، بەڵام "پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ، بە دەنگ دەستپێشخەرییەکەوە نەهاتن بۆ کۆبوونەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەلاحەدین بابەکر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بەو لافاوانەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان روودەدەن رایگەیاند، "بەداخەوە لە دوای 30 ساڵ حکومڕانی و بوونی ئەو هەموو ئیمکانیاتە، نەتوانراوە خزمەتگوزارییەکی بنچینەیی بۆ ئاوەڕۆ و رێگری لە لافاو دابین بکرێت."
سەلاحەدین بابەکر ئاماژەی بەوەدا، باران رەحمەتی خودایە، بەڵام نەبوونی پلانسازی وایکردووە ببێتە نەهامەتی و گوتی، "لە ساڵانی رابردوودا بەبێ گوێدانە لێکەوتەکان، رێڕەوی سرووشتیی ئاو و دۆڵەکان کراونەتە بینا و پرۆژەی بازرگانی، ئەوەش هۆکاری سەرەکیی ئەو زیانانەیە کە ساڵانە بە هاونیشتمانییان دەگات."
لەبارەی دۆخی سیاسی و بەردەوامیی کابینەی حکومەت، گوتەبێژی یەکگرتوو رەخنەی تووندی لە دۆخی "کاربەڕێکەر"ی حکومەت گرت و گوتی، "سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەم حکومەتەدا کە کاربەڕێکەرە، ئەمە لە هیچ شوێنێکی جیهان و عورفی سیاسیدا نییە، پەرلەمان ئیفلیج کراوە و هەڵبژاردن دواخراوە، ئەمەش نیشانەی پرسیارە لەسەر شەرعییەتی دامەزراوەکان."
سەبارەت بە هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ دروستکردنی بەرەیەک، سەلاحەدین بابەکر ئاشکرای کرد، لە 26ی مانگی رابردووەوە دەستپێشخەرییەکی شەش خاڵییان خستووەتە بەردەم لایەنەکان و گوتی، "داوامان کردووە هەر 6 لایەنەکە لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببینەوە بۆ ئەوەی ماڵی خۆمان رێکبخەینەوە و گوشار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گۆڕانکاری بکەین." گوتیشی، "یەکێتی و پارتی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوویان پێ جوان بوو، بەڵام بەتەنگیەوە نەهاتن، داوامان کرد هەر شەش لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن کۆببینەوە، بەڵکو ببێتە دەروازەیەک بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و پێکهێنانی حکومەت و نەخشەڕێگەیەکیش بۆ بەغدا دابنێین، بەڵام پارتی و یەکێتی بەتەنگیەوە نەهاتن". جەختیشی کردەوە، "کێشەی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانە."
سەبارەت بە بەشدارینەکردنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆن، گوتەبێژی یەکگرتوو روونیکردەوە، "راستە ئەوان بەشدارییان نەکرد، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە دەرگاکە داخراوە، ئێمە چاوەڕوانین و ئامانجمان ئەوەیە نەخشەڕێگایەک بۆ دۆخی چەقیوی هەرێمی کوردستان دابنێین."