قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان پێکدەهێنرێت
رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لیژنەیەک لە پارێزگای سلێمانی بۆ بەدواداچوون بۆ رووداوەکەی چەمچەماڵ پێکهێنراوە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات "زوو فریای خەڵکی بکەون".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان گوتی، سندووقێکی هاوکاریی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ پێکدەهێنرێت.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کاری لەپێشینەیان چارەسەرکردنی خەڵک، دابینکردنی شوێنە بۆ ئەوانەی ماڵەکانیان تێکچووە، دابینککردنی ئاوی خواردنەوە و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکانە.
قوباد تاڵەبانی لەبارەی روودانی ئەو لافاوەوە دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی رێژەی ئەو بارانبارینە زۆرە بووە کە "127 ملیمەتر بووە لە کاژێرێکدا".
لە دوێنێوە لافاوێک شاری چەمچەماڵی گرتووەتەوە و زیانێکی زۆری بەر ژێرخانی شارەکە گەیاندووە و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لەدوای دروستبوونی لافاوەکە، لایەنە ئیدارییەکانی هەولێر و شارەکانی دیکەش ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی چەمچەماڵ دەربڕی.
قوباد تاڵەبانی لەوبارەیەوە سوپاسی تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، "هەموومان کوردستانین".