حکومەتی ئەڵمانیا ئەرکی سوپاکەی لە هەرێمی کوردستان درێژ دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتی ئەڵمانیا، بریاردرا ئەرکی سوپای وڵاتەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق درێژ بکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10-12-2025، لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی ئەڵمانیا بڕیار لەبارەی درێژکردنی مانەوەی سەرباز و راوێژکارانی سوپای وڵاتەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق درا.
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەرکی سوپاکە تاوەکو 31-01-2027 درێژ دەکرێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ژمارەی سەرباز و راوێژکارەکان و ئەرکەکەدا ناکرێت."
ئەم بڕیارەی حکومەتی ئەڵمانیا، پێویستی بە پەسندکردنە لەلایەن پەرلەمانی فیدراڵییەوە.
سوپای ئەڵمانیا دوو ئەرکی سەرەکی هەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق
یەکەم: رووبەڕووبوونەوەی داعش
دووەم: بنیاتنانی تواناکان- عێراق
سوپای ئەڵمانیا لە ساڵی 2015ـەوە بەشدارە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. جگە لەوەش بەشدارە لە ئەرکی ناتۆ لە عێراق (NATO Mission Iraq - NMI)، کە تواناسازی بۆ هێزە ئەمنی و چەکدارییەکانی عێراق دەکات. درێژکردنەوەی مانەوەی سوپای ئەڵمانیا هەردوو ئەرک لە خۆیی دەگرێت.
ئەم کارە سەرەکییانە سوپای ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام دەدات:
- پێدانی سووتەمەنی لە ئاسمانەوە
- گواستنەوەی ئاسمانی بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوپەیمانان و هاوبەشاکان
- چاودێریکردنی جموجوڵی ئاسمانی و دەریایی لە چوارچێوەی ئەرکی ناتۆ
- پشتگیری راوێژکاری بۆ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی بنیاتنانی تواناکان
- جێبەجێکردنی ئەرکەکانی راوێژکاری و هاوئاهەنگی لە عێراق
- تواناسازی بۆ هێزە ئەمنی و شەڕکەرەکانی عێراق
- جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی
ئەم ئەرکەی سوپای ئەڵمانیا دەکرێت تاکو 500 سەرباز و راوێژکار لە خۆی بگرێتەوە و تەنانەت لە کاتی ئاڵوگۆڕ دا، دەکرێت ژمارەکە زیاتریش ببێت.