سەرجەم سێ بەنداوەکەی سنووری گەرمیان سەرڕێژ بوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرجەم سێ بەنداوەکەی سنووری گەرمیان کە بریتین لە بەنداوەکانی باوەشاسوار، ئاوەسپی و تورەجاڕ، دوای بارانی بەخوڕی ئەم چەند رۆژەی رابردوو، سەرڕێژ بوون.
بەنداوی باوەشاسوار لە کفری 6 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بەنداوی ئاوەسپی لە ناحیەی خان 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت و بەنداوی تورەجاڕ لە ناحیەی شێخ تەویل دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت.
جەبار مەحموود، سەرپەرشتیاری بەنداوەکانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر سێ بەنداوەکەی سنووری گەرمیان سەرڕێژ بوون، بەنداوی باوەشاسوار ئێستا 1،40 سانتیمەتری بەسەر سەرڕێژبوونەکەی دەڕوات."
هەروەها بەنداوی ئاوەسپی سەرڕێژ بووە و بە بەرزیی دوو مەتر ئاو لەسەر سەرڕێژبوونیەوە دەڕوات. بەنداوی تورەجاڕیش سەرڕێژ بووە و دوو مەتر و نیو بەسەر سەرڕێژبوونیەوە ئاو دەڕوات.
بە کۆی هەر سێ بەنداوەکەی گەرمیان، 28 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە. هاوکات بەشێکی زۆری گۆمە دەستکردەکانی گەرمیانیش سەرڕێژ بوون.