کەرکووک؛ بەهۆی لافاو و کارەبا کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکیش بریندار بوو
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڕەکی شۆراوی کەرکووک ژنێکی بەتەمەن لەماڵەکەی خۆی کارەبا گرتی و گیانی لەدەستدا.
ئارام سەردار، دراوسێی ئەو ماڵەیە و بە تۆڕی میدیایی راگەیاند، "لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە گەڕەکەکەیان ئاو چووەتە ماڵێکەوە و ئافرەتێک گیانی لەدەستداوە."
هاوکات کارمەندێکی شارەوانی کەرکووک لەکاتی کارکردن لە گەڕەکی رەحیماوا کارەبا گرتوویەتی و بریندار بووە.
عەدنان شکور، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی کەرکووک بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارمەندەکەیان سەرقاڵی پاککردنەوەی مەنهۆڵ بووە بۆ ئەوەی ئاوی لافاو کۆنەبێتەوە، بەڵام کارەبا گرتوویەتی و بریندار بووە".
سامان یابە عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە رووداو گوت: "کارمەندێکی شارەوانیی کەرکووک لە کاتی پاککردنەوە مەنهۆڵ لە رەحیماوە کارەبا گرتوویەتی و بریندارە، هێندراوەتە نەخۆشخانە لە دایکبووی ساڵی 2002ـە".
لە رۆژی یەکشەممەوە بارانی بەخوڕ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە لە چەند شارێک لافاو دروستبوو.
لافاوەکە زیانێکی زۆری بەو شوێنانە گەیاند کە لافاوەکەی تێدا دروستبووە و بەهۆی لافاوەکەیشەوە تاوەکە ئێستا 5 کەس گیانیان لەدەستداوە.