سوودانی بڕیاریدا هاوکاریی بەپەلە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەهۆی لافاو و زیانەکانی، بڕیاریدا هاوکاری بەپەلە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ (10ی کانوونی یەکەمی 2025) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێنمایی دایە سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێشکێشکردنی هاوکاری و پشتیوانی، هەروەها وەزارەتی دارایی راسپارد بۆ تەرخانکردنی بڕە پارەیەک بۆ دۆخی فریاگوزاری، بەمەبەستی دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی بەهاناوەچوون بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو کەشوهەوا سەختەی کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو.
 
دوای ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕەی کە ناوچەکەی گرتەوە، لافاوێکی گەورە لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش دروست بوو و زیانێکی زۆری گیانی و مادی لێکەوتەوە.
 
قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "بەداخەوە، بەهۆی کەشوهەوا و بارانی زۆرەوە، لە چەمچەماڵ تووشی رووداوی ناخۆش بووین، چ لە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی (عومەر سەعید و بۆکان بەشارەت)، چ لە برینداربوونی 12 هاووڵاتی."
 
قایمقامی چەمچەماڵ قەبارەی زیانە مادییەکانی بە "زۆر" ناوبرد و گوتی، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 500 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە 100 دووکان زەرەرمەند بوون، هەروەها 5 فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچووە، لەوانە تاپۆ، نووسینگەی پاسپۆرت، بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری، بەشێک لە پۆلیس و بینای قایمقامیەت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی ئاو لە هەندێک شوێندا گەیشتە دوو مەتر.