یەکێتی ئاڵای کوردستانی لەسەر کۆمیتەکانی لە کەرکووک داگرت

رووداو-کەرکووک

پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند: "ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای کۆمیتەکان داگیراون و تەنیا لەسەر بارەگای مەڵبەند و مەکتبی سیاسیی یەکێتی ماون".

فەخرەدین محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی دووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو دادگا ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە، ئاڵای کوردستان تەنیا لە مەکتەبی سیاسی و مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی دەمێنێتەوە و لەسەر بارەگاکانی کۆمیتەی یەکێتی داگیراون".

بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی دووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک هەروەها رایگەیاند: "لەسەر ئەوەی یەکێتی ئاڵای کوردستانی لە کەرکووک هەڵکردووە، حکومەتی عێراق سکاڵای لەسەر یەکێتی تۆمارکردووە و هاوکات یەکێتیش سکاڵای لەسەر حکومەتی عێراق تۆمارکردووە".

هەروەها راگەیاندنی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانی یەکێتی لە کەرکووک، پاڵپشت بە دەستوور و یاساکارپێکراوەکانی دەوڵەتی عێراق، مافێکی رەوا و دیمۆکراتیانەیە. لەم روانگەیەوە یەکێتی بڕیاریدا ئاڵای کوردستان لەپاڵ ئاڵای عێراق و لۆگۆی ی.ن.ک لەسەر هەردوو بارەگای مەکتەبی سیاسی و مەڵبەندی کەرکووک بەرزبکاتەوە".

راگەیاندنی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکووکی یەکێتی هەروەها رایدەگەیێنێت: "ئێمە وەک یەکێتی، پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک و ئارانی رەوشەکە، بە ئەرکی لەپێشینەی خۆمانی دەزانین. هەر لەم پێناوەدا بڕیارەکە تەنیا بۆ مەڵبەند و مەکتەبی سیاسی دەرکرا لەم قۆناخەدا. چونکە ئێمە لەناو کەرکووک لە زۆرترین گەڕەک و ناوچە و قەزا و ناحیەکان بارەگامان هەیە. بۆ ئەوەی هیچ کاردانەوە و نیگەرانییەک دروست نەبێت لەو شوێنانەدا کە پێکهاتەی جیاوازی تێدا نیشتەجێیە. هاوکات ئەم بابەتە بەلاڕێدا نەبرێت".

یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "بەهەموو لایەکی رادەگەیێنین، ئەگەر هەر لایەنێک یان کەسانێک لە خۆشەویستییان بۆ ئاڵاکە لە شوێنی دیکە بەرزیان کردبێتەوە، ئەوا لە دەرەوەی بڕیارەکەی مەڵبەندی کەرکووکە".

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم کەیسە لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراقە و بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە جگە لە بڕیاری دادگا، هیچ رێگاچارەیەک قبوڵ ناکەین".