عەلی حەمە ساڵح: لەسەر لافاوەکەی هەولێر داوای 370 ملیۆن دۆلارم لێدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو لافاو چەند ناوچەیەکی هەولێری گرتەوە و بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران ماڵ و سەتان ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت، عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان چەند لایەنێکی بە هۆکاری لافاوەکە تۆمەتبارکرد کە یەکێکیان شاری زەیتوونە، دەڵێت، ئێستا "سکاڵایان تۆمارکردووە و داوای 370 ملیۆن دۆلارم" لێدەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 11-1-2022 عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان بڵاویکردەوە، "شاری زەیتوونە کە تۆمەتبارمان کردبوو ھۆکاری لافاوەکەی ھەولێرە"، سکاڵای تۆمارکردووە کە داوای (37 ھەزار دەفتەر دۆلار) " 370 ملیۆن دۆلار"م لێدەکات."
لەبارەی سکاڵاکەوە عەلی حەمە ساڵح لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندووە، "چوونە دادگە لەسەر مافی سەدان ھاووڵاتی بەھۆی لافاوە کرانە قوربانی شانازیە" بە گوتەی خۆی ئەو کارەی لەبەر "بەرژەوەندیی گشتی" کردووە.
لەبارەی قسەکانیشی دەڵێت، "من بەڵگەی ئەندازیاری و ئیداریم ھەیە بۆ قسەکانم، ھەر شتێک دڵنیانەبمەوە لێی باسی ناکەم."
نووسراوی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر دەستی رووداو کەوتووە لەبارەی بانگهێشتکردنی عەلی حەمە ساڵح بۆ دادگە. نووسراوەکە لە 11-1-2022 ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە. بەپێی نووسراوەکە عەلی حەمە ساڵح دەبێت لە 16-2-2022 لە دادگەی بەرایی دەشتی هەولێر ئامادەبێت. لە وەڵامی نووسراوەکەشدا، عەلی حەمە ساڵح ئامادەیی دەربڕیوە لە دادگە ئامادەبێت.