مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبووەوە و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکەنەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە 11-1-2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا. لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا مەسرور بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. 
 
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و كارنامەی وەزاریی دەکەنەوە. 
 
دوای گەیشتنی بە بەغدا، مەسرور بارزانی لە تویتێکدا گوتی، "جارێکی دیکە لە بەغداین و ئامادەین بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی نوێ بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و خۆشگوزەرانتر بۆ هاونیشتمانییانمان." 
 
 
تەوەری کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و سوودانی، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023، وردەکاییەکانی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی. هەروەها گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی، هەروەک لە رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاریدا هاتووە. 
 
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەیدا لەگەڵ سوودانی رایگەیاندووە، "ئەگەر نیازی چارەسەرکردن هەبێت زۆر رێگە هەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان." دەشڵێت: ئێمە رێککەوتنی لایەنەکان و کارنامەی وەزاریی حکومەتمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان. 
 
مەسرور بارزانی و سوودانی، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هاوڕابوون لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ هەردوو تەوەری پەیوەندیدار بودجە و نەوت و گاز لە چوارچێوەی دەستووردا." 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لە خواستی بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات و دەڵێت، "خواستێکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عێراقدا بێت." 
 
لە کۆبوونەوەکەدا "گرنگی" جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هێزی پێشمەرگەی کورستان وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە. 
 
هەر لە سەردانەیەکدا بۆ بەغدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و فایەق زێدان،  سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە جیا کۆبووەوە. 
 
نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای عێراق کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، لەوانە پرسی بودجە، نەوت، داهاتە سنوورییەکان؛ هەروەها دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەشێکی دیکەی گفتوگۆی کۆبوونەوەکانن.