لە باکووری کوردستان هاونیشتمانییان دژی هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب خۆپێشاندانیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی قۆسەری مێردین، هەزاران کەس رێپێوانێکیان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رێکخست. لە پارێزگای عوسمانییە-ی تورکیاش، دەم پارتی داوای راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان دەکات.
لە شارۆچکەی قۆسەری پارێزگای مێردین لە باکووری کوردستان، هەزاران کەس رێپێوانێکیان دژی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب رێکخست. هەزاران کەس بە دروشم بۆ پشتگیری لە رۆژئاڤای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە گۆڕەپانی ئازادی کۆبوونەوە و بەرەو پارکی محەممەد سنجار بەڕێکەوتن.
لە رێپێوانەکەدا دروشمەکانی "بژی بەرخودانی رۆژئاڤا"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "رۆژئاڤا، رۆژهەڵات، کوردستان یەک وڵات"، "بژی بەرخودانی گەلی کورد" و "ژن، ژیان، ئازادی" گوتراونەوە. هەروەها گەنجان بە کردنەوەی یاریی ئاگرین پشتگیرییان بۆ بەرخۆدانی حەلەب دەربڕی.
دوای ئەوەی هەوڵەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی بەشێک لە خۆپێشاندەران لەلایەن خەڵکەوە رەتکرانەوە، لە پارکی محەممەد سنجار کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی بەڕێوەچوو.
خالید کاراهان، هاوسەرۆکی لقی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە قۆسەر، گوتارێکی پێشکێش کرد. رایگەیاند، "گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە هەموو جیهانی نیشان دا کە ئاشتیخوازن و دیموکراسییان دەوێت. گەلانی رۆژئاڤا پێکەوە دەژین و تاوەکو ئەمڕۆ جگە لە بەرگریکردن لە خۆیان، بەردێکیان نەگرتووەتە سەری کەس. لە کاتێکدا هەموو سووریا لە ئاڵۆزیدایە، لە رۆژئاڤا خەڵک بە ئاشتی و ئارامی پێکەوە دەژیان. ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا لە رۆژئاڤا گەلان تێکۆشانی دیموکراسی دەکەن. ئێمە لێرەوە جارێکی دیکە سڵاو لە بەرخۆدانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکەین."
رێکخستنی دەم پارتی لە پارێزگای عوسمانییە-ی تورکیا، سەبارەت بە هێرشەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. لەبەردەم بارەگای لقی رێکخستنی پارتەکە، بە بەشداریی ئەندامانی پارت و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، راگەیێندراوێک خوێندرایەوە. سێڤگی ئایدن، هاوسەرۆکی لقی رێکخستنەکانی دەم پارتی راگەیێندراوەکەی خوێندەوە. ئاماژە بەوە کرا کە لە هێرشەکاندا ژن و منداڵیش لەنێو ئەو خەڵکە سڤیلەدان کە گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی ناوچە نیشتەجێبوونەکان، پێشێلکارییەکی بە ئەنقەستی مافی ژیانی خەڵکی سڤیلە و گەڕەکە کوردییەکان بە مەبەست کراونەتە گۆڕەپانی جەنگ. هەروەها داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا کە چیدی لە رۆڵی تەماشاکەر نەمێننەوە و دەستبەجێ بەرپرسیارێتیی پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ئەستۆ بگرن. راگەیێندراوەکە بە دروشمەکانی "بژی بەرخودانی رۆژئاڤا" و "بژی بەرخودانی شێخ مەقسوود" کۆتایی هات.