کەشناسی: بەفر لە سەنتەری شارەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش ئەو ناوچانە دیاری دەکات، کە پێشبینی دەکرێت بەفری لێ ببارێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئێوارەی دووشەممە شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکەمان دەگرێتەوە و لە کاتەکانی بەیانی پێنجشەممەدا کۆتای دێ".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە بێت، ئەو ناوچانەی هەزار مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزن بەفربارین دەیانگرێتەوە. ئاماژە بەوەشکراوە: "لە رۆژی چوارشەممەدا لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک ئەگەری بەفربارین هەیە".
لەبارەی بارانبارینیشەوە کەشناسی رایگەیاندووە: "نمەباران دەبارێت و هەندێک کات دەبێتە لێزمە باران، بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆکانی زاخۆ و راپەڕین".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چوارشەمه تاوەکو پێنجشەممە پێشبینی دەکرێت لە بەشێکی ناوچە جیاکانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەفر ببارێت".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، لەم ناوچانە ئەگەری بەفربارین هەیە:
پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، پێنجوێن، دەربەندیخان، پیرەمەگروون، قەرەداغ، سەرتەک، کربچنە، سەنگاو، بازیان، ئیدارەی راپەڕین، بەرزاییەکانی باکووری گەرمیان.
پارێزگای هەولێر: سۆران، رواندز، مێرگەسۆر، باڵەکایەتی، شەقڵاوه، پیرمام، بەستۆرە، بارزان، سیدەکان، کەسنەزان، خەلیفان.
پارێزگای دهۆک: شیلادزێ، ئامێدی، بامەڕنێ، سەرسەنگ.
پارێزگای هەڵەبجە: هەڵەبجە، تەوێڵە، بیارە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ سێ پلەی سیلیزی دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 14 پلەی سیلیزی
پیرمام؛ 11 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 12 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 4 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 11 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ؛ 14 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 12 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 14 پلەی سیلیزی
ئاکرێ؛ 13 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 13 پلەی سیلیزی