"زیندانەکانی عەفرین پڕ بوون لە گەنجی کورد"

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی پێنج رۆژەی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب دەیان هەزار کوردی ئەو گەڕەکانە ئاوارەی عەفرین بوون، ژمارەیەکی زۆر گەنجی کورد دەستگیر کران. سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت، "بەڵێن دراوە ئازاد بکرێن."
 
رۆژی 6ی ئەم مانگە، سوپای عەرەبیی سووریا، هێرشی کردە سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، بەهۆی هێرشەکەوە، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 150 هەزار کورد لەو گەڕەکانەوە ئاوارەی عەفرین و دەوروبەری بوون.
 
ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرەتا قورسبوو جێکردنەوەی ئاوارەکان و زەحمەتی زۆریان بینی، ئێستا دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت و هەموویان جێگەیان کراوەتەوە."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە لە عەفرین، "ئەوانەی گەڕاونەتەوە 90%یان چوونەتە نێو کەسوکاریان لە عەفرین، ئەوانەشی ماون لە کەمپە کۆنەکان و چەند شوێنێکی دیکەدا جێگەیان کراوەتەوە."
 
زیندانەکان پڕ کراون لە گەنجی کورد
 
ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە عەفرین بە رووداوی گوت، "دوێنێ ژمارەیەکی زۆر گەنجی کورد کە ئاوارەبوون لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود هەر لە حەلەب دەستگیرکراون، هاوکات بەشێکی دیکەیان لە بازگەکانی حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سنووری عەفرین دەستگیرکراون."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە کە ئێستا لە عەفرینە، "زۆرینەی گەنجە کوردەکان براونەتە زیندانەکانی عەفرین و دەوروبەری و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."
 
سەرچاوەکە کە خۆی بەدواداچوونی بۆ دەستگیرکردنی گەنجەکان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتیی کاتیی لە دیمەشق کردووە، دەڵێت، "بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق بەڵێنیان دا، دوای لێکۆڵینەوەکانیان لە دوو رۆژی داهاتوودا تەواوی ئەو گەنجە کوردانە ئازاد بکەن، کە لەکاتی شەڕی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دا دەستگیرکراون، چ لە عەفرین بێ یان لە حەلەب و دەوروبەری."
 
دەنگۆی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک کوردی بریندار هەیە لە عەفرین و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەی سەربازی، بەڵام بە گوتەی سەرچاوەکە، "هیچ بریندارێکی حەلەب نەهێندراوەتە عەفرین تاوەکو دەستگیر بکرێت، ئەوانەی لە نەخۆشخانەکاندا بوون کەسانی سڤیل بوون و دەستبەسەر نەکراون."
 
هێرشەکەی سوپای عەرەبیی سووریا دژی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب 06ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و تاوەکو 10ـی مانگ بەردەوام بوو.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لەگەڵ دیمەشق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ گواستنەوەی شەڕڤانەکان، بریندارەکان و تەرمی شەهیدەکان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.