15 لایەنی سیاسیی کوردستان: ئەوەی لە حەلەب بەرامبەر کورد دەکرێت "کۆمەڵکوژییە"
رووداو دیجیتاڵ
15 حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستان لەبارەی دۆخی کورد لە حەلەب و رۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە و رایانگەیاند، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە "جۆرێکە لە جێنۆساید". داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێن و رێگری لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە بکەن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-1-2026، لە شاری هەولێر و لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (YNDK)، 15 حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی هێرشی چەکدارانی سەر بە "حکومەتی کاتیی سووریا" بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کۆبوونەوە.
لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هاتووە: "ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکەی خستووەتە دۆخێکی زۆر سەختەوە. ئەوەی روودەدات جۆرێکە لە جێنۆساید دژی گەلەکەمان و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی وەک ئاشووری، سریانی و ئێزدی."
حیزبە کوردستانییەکان هێرشەکان بە "پیلانێکی داڕێژراو" ناو دەبەن و پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ "بەرگریی رەوای گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان" دووپات دەکەنەوە.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە بێدەنگ نابن و پەنا بۆ هەموو رێگەیەکی مەدەنی دەبەن بۆ گوشارخستنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی فریاکەوتنی کوردانی حەلەب.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کراوە، دەستبەجێ بێنە دەنگ و رێگری لە "لەنێوبردنی گەلێکی بێتاوان" بکەن.
حیزبەکان دەڵێن: "بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر ئەم کارەساتە، پێچەوانەی هەموو بەها دیموکراتی و مرۆییەکان و جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە."
لایەنە سیاسییەکان چەند داواکارییەکی بەپەلەیان ئاراستەی وڵاتانی جیهان کرد، لەوانە:
1- سنووردانان بۆ هێرشەکان و پاراستنی سەلامەتیی بێسەروشوێنکراوان.
2- گەڕانەوەی ئاوارەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و قەرەبووکردنەوەیان.
3- ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە.
4- گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە بۆ ئاوارە و لێقەوماوان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سوپاسی کەناڵەکانی راگەیاندنی کوردستان و زانایانی ئاینی کرا کە "رۆڵێکی نەتەوەییان گێڕاوە لە گەیاندنی دەنگی مەزڵومییەتی کورد و ریسواکردنی هێرشکاران."
ناوی ئەو حیزب و لایەنانەی بەشدار بوون:
1- کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK.
2- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
3- بزووتنەوەی گۆڕان.
4- حزبی شیوعی کوردستان.
5- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK.
6- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
7- حزبی تێکۆشانی کوردستان.
8- بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان.
9- بەرەی گەل.
10- حزبی دیموکراتی بێت نەهرێن.
11- بزووتنەوەی رزگاریی دیموکراتی کوردستان.
12- حزبی پارێزگارانی کوردستان.
13- حزبی گەشەپێدانی تورکمانی.
14- حزبی رزگاریی کوردستان.
15- حزبی بونیادنانی دیموکراتی کوردستان.