مەسرور بارزانی لەگەڵ نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە یونسکۆ کۆبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە رێکخراوی یونسکۆ کۆبووەوە و سوپاسی کرد بۆ هەوڵ و چالاکییەکانی.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئەسعەد تورکی سواری، نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە رێکخراوی یونسکۆ کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری عێراق لە یونسکۆ کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانیان لە رێکخراوەکە خستەڕوو، ئاماژەی بە گرنگیی نوێنەراتیکردنی هەموو پێکهاتە و بەشەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە رێکخراوەکەدا کردووە.
 
هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و کار و چالاکییەکانی نوێنەری عێراق دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست؛ هەروەها جەختی لە گرنگیی بوونی هەرێمی کوردستان بە ئەندامێکی بەشدار لە رێکخراوی یونسکۆ کردەوە.