هەنگاو: لە کۆی 50 خۆپێشاندەر کە کوژراون، 42یان کوردن
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە نوێترین راپۆرتیدا ناسنامەی 50 کوژراوی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، زۆرینەی رەهای کوژراوەکان کوردن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026 رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، سەرەڕای پچڕانی ئینتەرنێت و گوشارە ئەمنییەکان، توانیویانە ناسنامەی 50 کەس لە کوژراوانی خۆپێشاندانەکان پشتڕاست بکەنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکەی هەنگاو، لەو 50 کەسە، 42 کەسیان هاونیشتمانیی کوردن و چوار کەسیشیان هاووڵاتیی گیلەکن. هەروەها لەنێو کوژراوەکاندا 6 منداڵی خوار 18 ساڵ و دوو ژن هەن.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "زانیاریمان لەبارەی کوژرانی 20 کەسی دیکەش پێگەیشتووە و تیمەکانمان سەرقاڵی پشتڕاستکردنەوەیانن."
ئەم ئامارانە لەکاتێکدان تاوەکو ئێستا حکومەتی ئێران هیچ ئامارێکی فەرمیی لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بڵاونەکردووەتەوە.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر تەواوی پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە.
هاوکات لەگەڵ تووندبوونەوەی گرژییەکان، ماوەی سێ رۆژە حکومەتی ئێران ئینتەرنێتی لە سەرتاسەری وڵات و رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیوە. دامەزراوەی نێتبلۆکس رایگەیاندووە، ئامانج لەم کارە "سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانە."
رۆژی هەینیش رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، خۆپێشاندەرانی بە "تێکدەر و بەکرێگیراوی بیانییەکان" ناوبرد و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە "لە بەرامبەر کەسانی تێکدەردا نەرمی نانوێنین."