بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: ئەوەی لە حەلەب دەکرێت تاوانی جەنگ و پێشێلکاریی رێککەوتنە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیگەرانی و سەرکۆنەی تووندی خۆی بۆ بەردەوامیی "پێشێلکارییەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب" دەربڕی و رایگەیاند، ئەو کارانەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق دەیکەن، دەگەنە ئاستی "تاوانی جەنگ".
 
رۆژی یەکشەممە 11-01-2026و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەڵگەی پێویست لەبەردەستن کە پیشانی دەدەن ژمارەیەک لە چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق، ئەندامی پێشووی داعشن. هەروەها جەختی کردەوە، ئەو هێرشانە پێشێلکارییەکی روونی ئەو رێککەوتنانەن کە پێشتر بۆ پاراستنی سڤیلەکان کرابوون، چ ئەو هاووڵاتییانەی لە ناو ماڵەکانیان ماونەتەوە و چ ئەوانەی ئاوارە بوون.
 
بێڕێزیکردن و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای لێکتێگەیشتنەکان، هێشتا تاوانەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامن؛ لەوانە تۆمارکردنی حاڵەتەکانی دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، سووکایەتیکردن و بێڕێزیکردن بە هاووڵاتییانی سڤیل، کە ئەمانە دژی هەموو بەها مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان کرد، لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە پێکبهێنن و بکەران سزا بدەن. هۆشداریشی دا کە بێدەنگی لەم تاوانانە، پابەندبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بنەماکانی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
 
ئەم تۆمەتانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە 11-01-2026، کاروانێکی سەربازی کە پێکهاتوو لە 419 شەڕڤانی کورد لە حەلەبەوە کشانەوە و گەیشتنە شاری قامشلۆ. شەڕی حەلەب کە لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکرد، بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس.