شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆتاییهات.
پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی چوارشەممە، 11ی شوباتی 2026، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی قۆناخی کۆتایی "پرۆسەی چارەسەری" چوونە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بە رووی میدیاکاراندا داخراو بوو و دوای کاژێرێک کۆتاییهات. ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) و ئەفکان ئاڵا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی بەشدار بوون.
پەروین بوڵدان، پێش کۆبوونەوەکە لە بەردەم پەرلەماندا گوتی: "کۆمیسیۆنی پەرلەمان چووەتە قۆناخی نووسینەوەی راپۆرت و لەنێو رای گشتیدا چاوەڕوانییەکی گەورە هەیە. لە رۆژەڤی ئێمەدا 4-5 بابەتی سەرەکیی هەن. دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی نووسراو بڵاودەکەینەوە."
میتحەت سانجار-یش ئاماژەی بە پێشهاتەکانی تورکیا و سووریا کرد و رایگەیاند، پێشنیازەکانیان پێشکێشی سەرۆککۆمار دەکەن.
سانجار لەبارەی راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمانەوە گوتی: "رەشنووسی راپۆرتەکە بۆ پارتەکان نێردراوە. دەمانەوێت راپۆرتەکە بە رێککەوتنێکی بەرفراوان دەربچێت کە هەموو لایەنەکان رازی بکات. بۆ زەوینەیەکی لەو شێوەیە، هەرچیمان لەدەستبێت دەیکەین. پێشبینی دەکرێت راپۆرتەکە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ئامادە بێت."
پێشبینی دەکرێت دوای هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە، شاندی ئیمراڵی راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە.
شاندی ئیمراڵی دوایین جار رۆژی 30ی تشرینی یەکەمی 2025 لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆببووەوە. شاندەکە هەروەها دوایینجار لە رۆژی 17ـی کانوونی دووەمی 2026، سەردانی دوورگەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە.