هەواڵی کوژرانی گەنجەکەی برادۆست لە ریزی سوپای رووسیا راست نەبوو
رووداو دیجیتاڵ
دوای هەفتەیەک لە راگەیاندنی هەواڵی کوژرانی و دانانی پرسەکەی، دەرکەوت مەتین وەهاب، ئەو گەنجەی سنووری برادۆست کە لە ریزەکانی سوپای رووسیایە، زیندووە و پەیوەندی بە باوکییەوە کردووە.
مەتین وەهاب، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵانە و 6 مانگە چووەتە ریزەکانی سوپای رووسیا. هەفتەی رابردوو هەواڵی کوژرانی بە خانەوادەکەی گەیشت و ئەوانیش پرسەیان بۆ دانا، بەڵام شەوی رابردوو بە دەنگی خۆی پەیوەندی بە باوکییەوە کرد.
وەهاب خدر، باوکی مەتین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کوڕەکەم کرد و سوپاس بۆ خوا سەلامەتە."
پێشتر لایەنە فەرمییەکان بە بەڵگەوە هەواڵی کوژرانی ئەو گەنجەیان پشتڕاستکردبووەوە. هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت: "ئێمە هەفتەی رابردوو لە رێگەی نوێنەرایەتیی عێراق و کوردستان لە رووسیا بە دۆکیۆمێنت هەواڵی کوژرانی ئەو گەنجەمان پێگەیشت و تەنانەت راپۆرتی فەرمیی کوژرانیشیان بۆ ناردین، بۆیە خێزانەکەیمان ئاگادار کردەوە و هەوڵمان بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی چڕکردەوە."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران روونیکردەوە دەرکەوتووە زانیارییەکان هەڵە بوون و گوتی: "لەگەڵ ئەوەی بە نیسبەت ئێمە هەواڵێکی خۆشە، بەڵام کار لەسەر ئەوە دەکەین دۆکیۆمێنتی دروست لەبارەی زیندوومانەوەی دروست بکەین و لە ئەنجام ئاگادارتان دەکەینەوە."