عەزیز ئەحمەد: نرخی کارەبا زیادنەکراوە داشکاندنیش بۆ ئەوانەیە بە ئی پسوولە پارە دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دەستکاری نرخی کارەبا نەکراوە. هۆکاری بەرزبوونەوەی پارەی پسوولەکان بۆ زۆریی خواست و درێژیی ماوەی خوێندنەوەی پێوەرەکان دەگەڕێنێتەوە. راشیگەیاند، داشکاندنی 20٪ بۆ ئەو هاوبەشانەیە لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵییەوە پارەی کارەبا دەدەن.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی شوباتی 2026، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی کرد، روونکردنەوەی لەبارەی نیگەرانیی هاونیشتمانییان لە بەرزبوونەوەی کرێی کارەبا، پرۆژەی "رووناکی" و "هەژماری من" دا.
سەبارەت بە گلەیی هاونیشتمانییان لە زۆریی پارەی کارەبا بۆ ئەم مانگە، عەزیز ئەحمەد رەتیکردەوە حکومەت نرخی کارەبای زیاد کردبێت و گوتی: "بەهیچ شێوەیەک نرخی کارەبا دەستکاری نەکراوە، وەزارەتی کارەبا دەسەڵاتی گۆڕینی نرخی نییە و ئەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت".
لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پارەکە، ئاماژەی بە دوو هۆکار کرد، ئەوانیش یەکەم: زیادبوونی خواست، بەهۆی وەرزی زستانەوە خواست لەسەر کارەبا زیادیکردووە. دووەم ماوەی خوێندنەوەی پێوەر: ئەم مانگە بەهۆی فراوانبوونی سیستەمەکەوە، پسوولەکان بۆ ماوەی 46 رۆژ هاتوونەتەوە نەک 30 رۆژ.
عەزیز ئەحمەد دڵنیایی دا کە ئەو زیادەیەی رۆژەکان (16 رۆژەکە) نابێتە هۆی ئەوەی هاونیشتمانییان بچنە نێو "تەعریفە"ـی گرانتر و گوتی: "400 کیلۆواتی یەکەم بۆ 30 رۆژ هەژمار دەکرێت و رۆژە زیادەکانیش بە هەمان نرخی هەرزان هەژمار دەکرێن." هەروەها ئاشکرای کرد کە بۆ مانگی داهاتوو خوێندنەوەی پێوەرەکان تەنیا بۆ 14 رۆژ دەبێت بۆ ئەوەی هاوسەنگی دروست ببێتەوە.
جێگری سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرای کرد، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردراوە داشکاندن بۆ هاوبەشانی کارەبای (ماڵان) بکرێت.
عەزیز ئەحمەد گوتی: "هەر هاووڵاتییەک لە رێگەی (ئی-پسوولە)ـەوە پارەی کارەبا بدات، جا قەرز بێت یان کرێی مانگانە، 20٪ داشکاندنی بۆ دەکرێت و پارەکەی بۆ دەگەڕێتەوە."
دەربارەی پرۆژەی "هەژماری من" لە سنووری سلێمانی، عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا کە کێشەیان لەگەڵ بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) هەبووە بەهۆی "خراپیی خزمەتگوزارییەکانیان".
ئەو گوتی: "بانکی TBI ئامادە نەبوو ئامێری ATM لە دەرەوەی شارەکان و ناوچە دوورەدەستەکان دابنێت و دەوامیشیان سنووردارە، بۆیە بڕیارمان دا نزیکەی 20 هەزار مووچەخۆری سلێمانی لەو بانکەوە بگوازینەوە بۆ بانکە بەشداربووەکانی دیکەی پرۆژەکە".
بە گوتەی عەزیز ئەحمەد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە "هەژماری من" تۆمارکراون و ئەم مانگە 700 هەزار کەس مووچەکانیان بە دیجیتاڵی وەردەگرن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
رووداو : با لە نرخی کارەباوە دەست پێ بکەین کاکە، گرنگترین بابەتە و پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە. راستە نرخی کارەبا گران بووە؟
عەزیز ئەحمەد: بەھیچ شێوەیەک نرخی کارەبا دەستکاری نەکراوە. وەکو جەنابی سەرۆکی حکومەتیش دوێنێ باسی کرد، ئێمە وەکو حکومەت دەسەڵاتمان نییە، واتە وەکو وەزارەت، دەسەڵاتی نییە وەزارەت بە کەیفی خۆی یان ویستی خۆی گۆڕانکاری لە نرخی کارەبا بکات. بڕیار بەپێی یاسا دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەری بدات. پار ئەگەر لە بیرتان بێت لە مانگی پێنج ئەو بڕیارە درا، کە نرخی کارەبا گۆڕانکاری تێدا کرا، بەڵام بەھیچ شێوەیەک نە ئێستا و نە لە مانگی رابردوو گۆڕانکاری لە نرخی کارەبادا نەکراوە.
رووداو : ئەی خەڵک بۆ زۆری بۆ ھاتووەتەوە؟
عەزیز ئەحمەد: پێموایە لەبەر کۆمەڵێک ھۆکارە. یەکەمیان مانگی رابردوو خواست لەسەر کارەبا زیاتر بووە. دەمەوێت بەرچاوڕوونیشتان بدەمێ کە سرووشتی ھەرێمی کوردستان، زۆرترین کارەبا واتە وەکو ھاوبەشانی ماڵان دەڵێم - من باسی ماڵ دەکەم نە بزنس و نە بازرگانی- بەڵام بۆ ماڵان لە دھۆک زۆرترین کارەبا خەرج دەکرێت، دووەم لە ھەولێرە و سێیەم سلێمانییە.
ھۆکاری دووەم. پێموایە بەکارنەھێنانی نەوتیش بەپێی ئەو داتایەی لای منە کەمتر دابەش کراوە بەراورد بە پار، ئەمەش کاریگەری ھەبووە لەسەر بەکارھێنانی کارەبا. ھۆکاری سێیەمیش کە زۆر گرنگە باس بکرێت؛ ئەم پسوولانەی کە دابەش کراون هی 30 رۆژ نین، هی 46 رۆژن.
رووداو : لە 30 رۆژ پسوولە بێتەوە بۆ نموونە 400 کیلۆوات حیساب دەکرێت، کە تێپەڕ دەبێت بە 600 کیلۆوات و گرانتر دەبێت. بۆچی 46 رۆژە؟
عەزیز ئەحمەد: ئەمە لەگەڵ برادەرانیش باسم دەکرد، بە ھیچ شێوەیەک... سیستەمەکە تازەیە و رۆژ دوای رۆژ شار و شارۆچکەکانی ئەم ھەرێمە زیاد دەکرێن. سروشتییە ھەندێک جار چاپکردنی پسوولەکان دوا بکەوێت. ئەم مانگە بەداخەوە ئەو پڕۆسەیە دواکەوت، ناچار بووین لە جیاتی ئەوەی پسوولەی 30 رۆژ دابەش بکەین، 46 رۆژ دابەش کرا. بەڵام ،ئەوەی گرنگە لێرە ئەوەیە؛ 400ـەکە بۆ 30 رۆژە، ئەوەی دیکە هەژمار ناکرێت، 16 رۆژەکەی دیک ناچێتە تەعریفەی دووەم و سێیەم کە گرانتر بێت. ھەر ماڵ، ھەر پسوولەیەک بۆ ھەر ماڵێک 30 رۆژە 400ـی بۆ حیسابە.
رووداو : ئەو 15 رۆژەی دیکە بە نرخی سەرەتایی حیساب دەکرێت؟
عەزیز ئەحمەد: ھەر وەکو جارانە، 400ـە تازەکە دەگەڕێتەوە، واتە ناچێتە تەعریفەی سەرووتر.
رووداو : دوای 30 رۆژەکە تازە دەبێتەوە.
عەزیز ئەحمەد: تازە دەبێتەوە، چونکە پسوولەکە هی 30 رۆژە، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەم مانگە، مانگ و نیو تێکەڵ کراوە.
رووداو : ئەمە تەنیا بۆ ئەم مانگە بووە؟ واتە ھەوڵدەدەن دووبارە نەبێتەوە؟
عەزیز ئەحمەد: ئەوەی گرنگە، بۆ مانگی داھاتوو پسوولەی 30 رۆژیان بۆ ناڕوات، پسوولەی 14 رۆژیان بۆ دەڕوات، تەواوکەری مانگی دووەم دەبێت.
رووداو : ئێستا دەگوترێت رۆژانە پارە حیساب دەکەن نرخی کارەبا، مانگانەیە یان رۆژانەیە؟
عەزیز ئەحمەد: من دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە کە ئەو سیستەمەی کە ئێستا ھەمانە کە پێی دەڵێن سیستەمی رووناکی یان پرۆژەی رووناکی، شێوازی حیسابکردنی سەرفی کارەبا، ھەر سیستەمی کۆنی حکومەتی ھەرێمە. ھیچ گۆڕانکاری لە شێوازی حیسابکردنی کارەبا نەکراوە.
پسوولە هی 30 رۆژە، لەو 30 رۆژەدا، بڵێین تەعریفەی یەکەمی 400ـە، بە 72 دینار حیساب کراوە. جەنابت 10 یەکە لە رۆژێک بەکاربێنیت، یان 100 یەکە لە رۆژێک بەکاربێنیت جیاوازی نییە، 400ـت ھەیە بۆ ئەو مانگە، بە 72 دینار، رۆژانە حیساب ناکات.
بەڵام سیستەمی ئێستە، واتە با بڵێین ئەو ھاوبەشانەی یان ئەو ماڵانەی کە لە دەرەوەی رووناکین، خۆ بە ھەمان شێواز حیساب دەکرا، ھیچ گۆڕانکاری لە حیسابکردنی خەرجی کارەبا نەکراوە، وەکو خۆیەتی.
رووداو : کاک عەزیز، خەڵکێکی زۆر دەڵێ پارەیەکی زۆرم بۆ ھاتووە، واتە لە حەد بەدەر. مەسەلەن 2 ملیۆن، 3 ملیۆن. کاکە خەڵک ھەیە 18 ملیۆن ؟
عەزیز ئەحمەد: 18 ملیۆن؟
رووداو : بەڵێ، ھاووڵاتییەک دوێنێ بینیم لە سۆشیاڵ میدیا قسەی کرد، گوتی 18 ملیۆنم بۆ ھاتووەتەوە.
عەزیز ئەحمەد: ئێمە چاودێری دەکەین، دەتوانێت بێت سکاڵا بکات، خۆ ئەگەر هەڵەیە رووبدات. دەتوانێت پەیوەندی بە کۆڵ سەنتەر (1992) بکات، سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن و ئێمە چاودێری دەکەین و وەڵامیان دەدەینەوە.
رووداو : هەڵە روودەدات؟
عەزیز ئەحمەد: بەخوا زەحمەتە، چونکە ئەمە ھەمووی سیستەمە، مەگەر ئەو کارمەندەی کە ھاتووە بۆ خوێندنەوەی کارەباکە، ژمارەکەی بە ھەڵە لێدابێت. ئەوە دەشێت رووبدات، مرۆڤین ھەموومان ھەڵە دەکەین. بەڵام ئەگەر خوێندنەوەکە دروست بێت، زەحمەتە 18 ملیۆن بۆ ماڵێک بڕوات، زەحمەتە.
رووداو : دەڵێن ئەگەر بڕوات بۆ سەر پرۆژەی رووناکی، یان ٢٤ کاتژمێری، سیستەمەکە دەبێت بە پارەدان، واتە (Prepaid). وایە؟ دەبێت پارە بدەیت ئینجا کارەباکەت بۆ دێت؟
عەزیز ئەحمەد: نەخێر . سیستەمەکە پێی دەڵێن (Postpaid). واتە جەنابت کارەباکە خەرج دەکەیت، دوایی پسوولەکەت بۆ دێتەوە. کە پسوولەکەت بۆ ھاتەوە، 50 رۆژت لەبەردەمە بۆ ئەوەی پارەکە بدەیت. بەڵام ئەگەر لە 50 رۆژەکە تێپەڕی کرد، ئەوکاتە ئاگادارکردنەوەت بۆ دێت و تەلەفۆنت بۆ دێت و نامەت بۆ دێت کە پارەی کارەباکەت بدەیت. واتە بە ھیچ شێوەیەک پێشەکی نییە،.
رووداو : بەڵام کەسێک پارەی نەدا کارەباکەی دەبڕدرێت؟
عەزیز ئەحمەد: بێگومان، ئەگەر 50 رۆژ تێپەڕی کرد، بەداخەوە تووشی بڕینی کارەبا دەبێت.
رووداو : خەڵکێکی زۆر ھەن کە لەوانەیە پارەیان نەبێت، دۆخی داراییان خراپ بێت. ئایا رەچاوی ئەوە دەکرێت؟
عەزیز ئەحمەد: ئێمە سەیری داتا دەکەین، سەیری ژمارە دەکەین. بە دڵنیاییەوە ئێمە دەزانین دۆخی دارایی خەڵک چۆنە، بەڵام ئەمە خزمەتگوزارییە. تۆ ئاو دەکڕیت پارەی دەدەیت، نان دەکڕیت پارەی دەدەیت. کارەباش بە ھەمانشێوەیە، کاڵایەکە حکومەت بەرھەمی دێنێت و تێچووی زۆری لەسەرە. تێچووی بەرھەمھێنانی کارەبا زۆر زۆرە لەسەر حکومەت. حکومەت پاڵپشتییەکی گەورەی کارەبا دەکات. ئەو نرخەی کە دەگاتە دەستی ھاووڵاتی، زۆر زۆر کەمترە لە تێچووی راستەقینەی خۆی.
رووداو : ئایا بەراورد پار، ئەمساڵ خەڵک زیاتر کارەبای بەکارھێناوە؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، بەپێی ئەو داتایەی لەبەردەستی منە، بەکارھێنانی کارەبا لە مانگی یەک و دووی ئەمساڵ، بەراورد بە پار، نزیکەی 50٪ زیادی کردووە.
رووداو: 50٪ زۆرە؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ زۆرە. بۆیە من دەڵێم کە بەشێکی زۆری ئەو زیادبوونەی پارەی کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی بەکارھێنان. خەڵک زیاتر کارەبای بەکارھێناوە، چونکە کارەبای 24 کاتژمێری ھەبووە، کارەبا نەبڕاوە. جاران کارەبا دەبڕا، خەڵک مۆلیدەی بەکاردەھێنا، ئێستا کارەبا نابڕێت، خەڵک ھەر کارەبای نیشتمانی بەکاردەھێنێت بۆ ھەموو شتێک، بۆ گەرمکردنەوە، بۆ ئاو گەرمکردن، بۆ ھەموو شتێک.
رووداو : کاک عەزیز، گلەییەکی خەڵک ئەوەیە، کارەباکەیان دەبڕن ئەگەر پارە نەدەن.
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ.
رووداو : ئەی مووچە؟ خەڵک مووچەکەی دوا دەکەوێت، حکومەت قەرەبووی دەکاتەوە؟
عەزیز ئەحمەد: سیستەمەکە دانراوە، بەڕاستی من حەز دەکەم راستگۆ بم لەگەڵت، سیستمەکە بە شێوەیەک دانراوە کە ئەگەر باسی مانگی رابردوو نەکەین، من دێمە سەر مانگی رابردوو دووبارە، بەڵام ئەگەر لە باسی مانگی رابردوو نەکەین 11 مانگەکەی پێش مانگی رابردوو حیسابی کەین، شاری ھەولێر، لە مانگی 1ـی ساڵی رابردوو تاوەکو مانگی 12ـی ساڵی رابردوو کارەبای 24 کاژێرییان ھەبووە. ئەگەر پسوولەکانمان بەراورد بکەین 80٪ـیان کەمتریان داوە.
رووداو : بەس خەڵک ئاگادار بکەنەوە پێش ئەوە کاک عەزیز.
عەزیز ئەحمەد: ھەر ھاووڵاتییەک 50 رۆژ دەرفەتی ھەیە. 50 رۆژ. سێ ئاگادار کردنەوەی بۆ دەڕوات. داوایان لێ دەکرێت ھاوکار بن و وەرنە پێش پارەکەی بدەن.
رووداو : 50 رۆژ دوای مانگەکە؟
عەزیز ئەحمە: 50 رۆژ دوای دەرکردنی پسوولەکە. بەس ئەم بابەتە لای ئێمە زۆر گرنگە. من حەز دەکەم دڵنیابن لەوەی کە ئێمە وەکو حکومەت دەستمان ئیدی لەناو سیستەمەکەدا نەماوە. سیستەمەکە خۆی سەیری دەکات، چونکە پێوەری زیرەکە. کێ پارەی داوە کێ پارەی نەداوە. ئۆتۆماتیکی کارەباکە دەبڕێت. ئۆتۆماتیکی ئاگادارکردنەوە دەڕوات، نامەیان بۆ دەڕوات، تەلەفۆنیان بۆ دەڕوات، ئینجا سیستمەکە بڕیار دەدات کارەباکەیان نامێنێت.
رووداو : ئەم سیستەمە نابێت لەگەڵ دۆخی خەڵک بگونجێت؟ مەسەلەن خەڵک دەڵێت کاکە من مووچەم وەرنەگرتووە پارەی کارەبا لە کوێ بدەم؟ بۆ نموونە. نابێت سیستەمێک بێت لەگەڵ دۆخی خەڵکدا بگونجێت؟
عەزیز ئەحمەد: من باسی ئەوەم کرد کە لە ساڵی رابردوو ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ 24 کاژێری، ھاووڵاتیانی ئەم ھەرێمە پارەی کەمتریان داوە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ سیستەمە کۆنەکە. حکومەتیش درێخی نەکردووە لە دانانی داشکاندن بۆ ئەم ھاووڵاتیانە، بۆ ئەم ھاوبەشانە. خۆتان دەزانن بۆ پرۆژەی رووناکی، لە سێ مانگی یەکەمی داشکاندنی لەسەرە. کێشەمان نەبووە لە ساڵی رابردوو. خەڵک بە گشتی من پێموایە رازی بووە لە نرخەکە.
مانگی رابردوو خواست لەسەر کارەبا زیادی کردووە، سروشتی پسوولەکانیشیان زیادیان بۆ رۆیشتووە، ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ مانگی پێشووتر. خۆتان ئاگادارن و جەنابی سەرۆکی حکومەت رایگەیاند کە داشکاندن دەکرێت بۆ ئەم ھاوبەشانە.
رووداو : میکانیزمی ئەو داشکاندنە چۆنە کاک عەزیز؟
عەزیز ئەحمەد: ئێمە داوامان کردووە کە داشکاندنەکە تەنیا لە رێگای ئی-پسوولەوە دەبێت، تەنیا بۆ ماڵان.
رووداو : ئەم 20٪ بەس بۆ ماڵانە؟ بۆ کارگە نییە؟
عەزیز ئەحمەد: نەخێر، بەس بۆ ماڵانە. وەکو دوێنێ باسکرا لە کۆنفرانسی پرۆژەی ئی-پسوولە، ئێمە دەزانین ئەم دواییە بارگرانییەکە زۆر بووە، ئێمە دەزانین مووچەش ئەم جارە زیاتر دواکەوت لەگەڵ مانگی رابردوو، لەبەر ئەوە جەنابی سەرۆکی حکومەت دەستپێشخەری کرد کە داشکاندنێک بکرێت بۆ ئەم ھاوبەشانە.
میکانیزمەکەش دەبێت لە رێگای ئی-پسوولەوە بدرێت. ھەر ھاووڵاتییەک، ھەر بڕە پارەیەک بدات، قەرز یان هی پسوولەکە. لە ماوەی 30 رۆژی داھاتوو.
رووداو : قەرزەکانی کۆنیش دەگرێتەوە؟
عەزیز ئەحمەد: ھەر قەرزێک. رووناکی یان هی کۆن یان پسوولەی ئەم مانگە. ھەر بڕە پارەیەک بدات لە رێگای ئی-پسوولەوە، بۆ 30 رۆژی داھاتوو، سیستمەکە، بۆ مانگەکانی داھاتوو 20٪ بۆ دەگەڕێنێتەوە. کەواتە لە مانگی داھاتوو، کە دڵنیاین بۆ 14 رۆژە، لەبیرتان نەچێت، چونکە 46 رۆژ بوو، ئەمجارە بۆ 14 رۆژ دەبێت، ئەگەر ئەمجارە بێن و لە رێگای ئی-پسوولەوە بیدەن، 20٪ی دیکەش داشکاندن وەردەگرن بۆ مانگی داھاتوو.
رووداو : زۆر باشە، کەواتە 20٪ لە مانگی داھاتووەوە بۆیان ئەژمار دەکرێت.
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ. نرخەکە کەمتر دەبێت، ئەمە لە بەرژەوەندیی خەڵک دایە.
ئەگەر بۆ مانگی داھاتوو، با باسی نموونەیەک بکەین. پسوولەکەم هی ئەم مانگە 500 ھەزارە، بۆ نموونە. ئێستا ئەگەر لە رێگای ئی-پسوولەوە بدەم 100 ھەزارم بۆ دەگەڕێتەوە. مانگی داھاتوو، بۆ نموونە دەڵێین پسوولەکەم 100 ھەزارە، ئەوە سفر، ئەو ھاووڵاتییە ھیچمان پێ نادات.
رووداو : واتە دەبێت ئێستا 500 بدات؟ یان دەتوانێ بەشێک بدات؟
عەزیز ئەحمەد: ئەگەر قەرزە، شەرت نییە بیدات، با نەیدات. خۆ ئێستا حکومەت نەیسەپاندووە لەسەر ھاووڵاتی کە قەرزی رابردوویان بدەن. بەڵام گریمان ئەو ھاووڵاتییە 500 ھەزاری دا. هی ھەر شتێک بێت، قەرز بێت یان جگە قەرز. حکومەت لەگەڵ پسوولەی مانگی داھاتوو، 100 ھەزاری بۆ دەگەڕێنێتەوە.
پسوولەی مانگی داھاتوو ئەگەر 120 ھەزاری بۆ ھات، 20 ھەزار دەدات. تەمام. بەڵام ئەگەر 70 ھەزاری بۆ ھات، 30 ھەزاری دەمێنێت بۆ مانگی دواتر.
رووداو : واتە قەرز دەبێت لاتان؟
عەزیز ئەحمەد: 20٪ لای ئێمەیە کاکە. بۆ چەند مانگ؟ بۆ مانگەکانی داھاتوو.
رووداو : ئەم ھاونیشتیمانییە دەڵێت ماوەی پێنج مانگە ھیچ پارەم بۆ نەھاتووەتەوە؟
عەزیز ئەحمەد: ئەمەش ھەیە. ئەمەش ھەیە . من پێتان دەڵێم لە سەرانسەری ھەرێم زیاتر لە 2500 بژمێر ھەیە. بەڵام 2 ملیۆن ھاوبەش ھەیە.
رووداو : فریای ناکەون؟
عەزیز ئەحمەد: ئەی تەبعەن. بەڕاستی دەبێت بچینە قۆناخێکی دیکە و ئێستاش خەریکین، ھاووڵاتی راستەوخۆ کورتەنامەیان بۆ بڕوات . حکومەت بڕیاری نەداوە لەسەر بابەتی وەرگرتنی قەرزەکە. دڵنیابن حکومەت بەبێ دیراسەی پێویست ئەم شتانە ناکات. جارێ بە ھیچ شێوەیەک نەمانگوتووە ھاووڵاتی دەبێت قەرزی کۆنمان بداتێ. ھیچ ئەم بابەتە ھەر باس نەکراوە. لە کاتی پێویستیش دەبێت ھاوکاریان بین، دەزانین رەنگە خشتەیەکی دوورودرێژیان بۆ دانێین، بۆ ئەوەی بیکەنە قیست.
رووداو: قیست و داشکاندنیش؟
عەزیز ئەحمەد: ئێمە بەنیازین بۆ گەڕانەوەی ھەر قەرزێک، ئەگەر حکومەت ئەم بڕیارەی دا، دوو شتیان بۆ بکەین. قیستیش، قیستی درێژخایەن، نەک سێ مانگ و شەش مانگ. دوو سێ ساڵ. دووەمیش داشکاندنیان بدەینێ. چونکە دەبێت لە ئێشی خەڵکیش تێبگەین، مووچە ھەندێکجار دوا دەکەوێت و دۆخی بازاڕ و جووڵەی بازرگانی کەم دەبێت لە بازاڕ، ئەم شتانە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.
رووداو : بەخوا پرسیاری خەڵکە. کاک عەزیز، ئا ئەو برادەرە نامەی ناردووە، دەڵێت ئێمە سۆلار پانێڵمان ھەیە، کەچی ئەم مانگە پارەی چوار قاتمان بۆ ھاتووەتەوە.
عەزیز ئەحمەد: ئەوە گرنگە . سۆلار پانێل بە چی ئیش دەکات؟ بە خۆر ئیش دەکات، بە خۆر. لە کەی؟ واتە باشترین کاتی ھاوین. ئێستا لە کوێین؟ لە زستانین. تەواو. ھەر ماڵێک، سۆلەری ھەبێت، لە کاتی ھاوین 35٪ـی کارەباکەیان لە رێگای سۆلەرەکەوە دابین دەبێت. لە زستان دادەبەزێت بۆ 6٪.
رووداو : واتە ئەوە کارەبای زۆر بەکارھێناوە، بۆیە پارەی زۆر بۆ ھاتووەتەوە؟
عەزیز ئەحمەد: ھەردووکیانە. بەرهەمهێنانی سۆلار دابەزیوە و بەکارھێنانی کارەباش زیادی کردووە. بۆیە پارەی زۆر بۆ ھاتووەتەوە. ھیوادارم وەڵامەکەی وەرگرتبێت.
رووداو : لە ھەندێک شوێن کارەبای نیشتیمانی نییە، چۆن پرۆژەی رووناکیان پێدەگات؟
عەزیز ئەحمەد: دوێنێ جەنابی کاک مەسرور باسی کرد، ئێمە بەنیازین لە کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەی رووناکی تەواو بکەین. رەنگە تاوەکو ھاوین تەواو بێت. بۆ ئەوەی بەرەو قۆناخێکی دیکە بڕۆین و خەڵک ئیدی باسی، کارەبا بۆ نەکات. حکومەتی ھەرێم دەچێتە قۆناخێکی دیکە. پرۆژەی رووناکی بەر لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت.
رووداو : ھەژماری من کاک عەزیز. بەشێکی زۆر بەتایبەتی لە سلێمانی تاوەکو ئێستا ھەژماری منیان پڕ نەکردووەتەوە. تاکەی کاتیان ھەیە؟
عەزیز ئەحمەد: کاکە من دەمەوێت بۆتان روونبکەمەوە، ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر تۆمار کراون. لە سلێمانیشەوە. واتە بەشە ھەرە زۆری مووچەخۆرانی ئەم حکومەتە تۆمار کراون.
رووداو : ھەولێر و دھۆک تەواو بووە؟
عەزیز ئەحمەد: ھەولێر و دھۆک لەمێژە تەواو بووە. ئەوەی کە ماوە، پارەدانی ئەم مووچەخۆرانەیە. بە شێوازی ئەلیکترۆنی. ئێستا لەم مانگە، ئەمڕۆ دابەش دەکرێت، 700 ھەزار کەس، 700 ھەزار مووچەخۆری ئەم وڵاتە پارەیان بە ئەلکترۆنی دەڕوات، لە رێگای ھەژماری منەوە. ئێمە بەنیازین تاوەکو نەورۆزی ئەمساڵ یەک ملیۆنیش تەواو بکەین.
رووداو : ئەوەی سلێمانی؟
عەزیز ئەحمەد: ئەوانەی کە کارتیان وەرگرتووەتەوە. ئێستا 700 ھەزار کەس کارتیان وەرگرتووەتەوە، ئیدی مووچەکانیان بە دیجیتاڵی وەردەگرن. لە ھەموو شارەکان.
ئەوجا دێینە سەر سلێمانی. لە سلێمانی کێشەیەکی بچووکمان ھەبوو لەگەڵ بانکی تی بی ئای (TBI). بەداخەوە خزمەتگوزاری تی بی ئای باش نەبوو. ئێمە گەیشتینە ئەو قەناعەتەی کە ئەم بانکە توانای نییە، یان نایەوێت خزمەتگوزاری پێشکەش بکات بۆ مووچەخۆرانی ئەم شارە. لەبەر ئەوە بڕیارمان دا، بەڕێز جەنابی قوباد تاڵەبانیش ئاگاداری ئەم بابەتە بوو، بڕیارمان دا ئەوانەی کە تۆمار کراون لەگەڵ تی بی ئای، بگوازرێنەوە بۆ بانکەکانی دیکە. ھەر مانگ، 15٪ زیاد دەبێت. ئەم مانگە 700 ھەزارە، بۆ مانگی داھاتوو بەنیازین بیگەیەنینە 800 ھەزار تەقریبەن. ئیدی بابەتی ھەژماری من و تەوتین ئەمە یەکلایی کراوەتەوە و تەواو رۆیشت. لەمەودوا ئەوە دەبێت چاودێری بانکەکان بکەین بۆ ئەوەی ئەی تی ئێمی پێویست (ATM) لە شوێنی پێویست دابنێن. جێگیر بن.
رووداو: ئەوە یەکێکە لە کێشەکان بەتایبەتی لە قەزا و ناحیەکان کەمە کاک عەزیز. خەڵک بۆ نموونە لە ناحیەیەکە دەبێت بێت بۆ قەزایەک پارە وەربگرێت؟
عەزیز ئەحمەد: ئێمە تائێستا 560 ئەی تی ئێممان داناوە لە کوردستان. کێشەی سیاسیمان ھەبوو. ئێمە بەنیازین تاوەکو کۆتایی ئەم بەرنامەیە هەزار ئەی تی ئێم دابنێین. با چاوەڕێ بکەین تاوەکو بەرنامەکە تەواو دەبێت. ئێستا راستە لە ھەندێک شوێن ئەی تی ئێمی پێویست نییە. بەڵام لە ھەندێک شوێنیش بانکیش ھەیە دەڵێ من ئەی تی ئێمتان بۆ دابین ناکەم. وەکو تی بی ئای. تی بی ئای ئامادە نییە لە دەرەوەی شارەکان ئەی تی ئێم دابنێت.
رووداو : بۆچی؟
عەزیز ئەحمەد: وەکو سیاسەت، دەڵێ نایکەم.
رووداو : لە بەغداش وایە؟
عەزیز ئەحمەد: لە بەغدا ھەر ئەی تی ئێمەکانی زۆر کەمن. تەقریبەن ئەمە مانگێک، مانگ و نیوە دەرفەتمان بە مووچەخۆرانی، بەتایبەتی لە دەڤەری سلێمانی داوە، زۆربەیان دەڵێن کاکە ئیدی تی بی ئایمان ناوێت. گواستوومانەتەوە بۆ بانکەکانی دیکە.
رووداو: بۆ؟
عەزیز ئەحمەد: چونکە ھاووڵاتی ھەیە، مووچەخۆر ھەیە لە کەلارەوە، لە ھەڵەبجە، لە شارەزوور، لە پێنجوێن. دەبێت دوو کاژێر، سێ کاژێر ھاتووچۆ بۆ ناو شاری سلێمانی بکەن بەس بۆ ئەوەی مووچەی خۆیان رابکێشن. ئێ بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نین. بە تووندیش رێگە لە بانکەکان دەگرین.
رووداو: بەس کاک عەزیز، زۆربەی بانکەکانی دیکەش دەڵێن نامانەوێت پڕ بوونەتەوە.
عەزیز ئەحمەد: زۆربەی بانکەکان، ئێستاش خەریکی دانانی ئەی تی ئێمن، وەرگرتنی فەرمانبەرن. زیاتر لە یەک ملیۆن تۆمارکراون. ئەو ملیۆن مووچەخۆرانە، داتاکانیان دابەش کراون لەسەر بانکەکان. بانکەکان، بەرنامەی خۆیان داناوە بۆ دانانی ئەی تی ئێمەکان. تەنیا ئەو بانکەی کە ئێستا کێشەی ھەیە، تی بی ئایە. ھیچ بانکی دیکە کێشەی نییە.
رووداو: بۆ 5000 فەرمانبەری زانکۆی سلێمانی لە تی بی ئایەوە گواسترانەوە بۆ بانکێکی دیکە؟
عەزیز ئەحمەد: چونکە خزمەتگوزارییان خراپە. خزمەتگوزارییان زۆر خراپە. من کاتی خۆی ئەگەر لەبیرتان بێت زۆر گفتوگۆمان دەکرد لەسەر بابەتی تەوتین و تی بی ئای. خزمەتگوزارییەکانی تی بی ئای سنووردارە. ئەو کاتیش زۆر ھەوڵم دا بە برادەرانی خۆمان بڵێین، کاکە ئەم بانکە کێشەمان بۆ دروست دەکات. من پێم خۆشە بەڕاستی ئێستا خەڵک، یان مووچەخۆرمان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە تی بی ئای خزمەتگوزارییەکانی خراپە، بانکی دیکەیان ھەڵبژاردووە. ئەو بانکانەی حکومی نین لە دوای کاژێر دووش دەوام دەکەن. کاژێر پێنجی ئێوارە، شەشی ئێوارە، ئەی تی ئێمێکی بانکێکی ناحکومی، پارەی تیێدا نەمێنێت، یەکسەر تیمی خۆی دەنێرێت لە ماوەی چەند کاژێرێک، پڕی دەکاتەوە.
تی بی ئای حکومییە. دەوامەکەیان تاوەکو کاژێر 12ـە. ئێ لە هەینی و شەمەش کار ناکەن. لەبەر ئەوە خزمەتگوزارییەکان بەڕاستی وەکو پێویست نین.
رووداو : ئێستا گوازراونەتەوە ئەو 20 ھەزارە؟
عەزیز ئەحمەد: 20 ھەزار فەرمانبەری سلێمانی داوای گواستنەوەیان کردووە لە تی بی ئای، بۆ بانکەکانی دیکە لە سلێمانی، خۆی بەس 40 و شتێک ھەزارن لەناو تی بی ئای. زۆربەیان لە پارێزگای سلێمانین. نیوەیان ئێستا گوازراونەتەوە کراون بۆ بانکەکانی دیکە.
رووداو : کاک عەزیز، پی ئۆ ئێس (POS)، بڕیار وابوو دابەش بکرێت لە بازاڕ و مارکێت و ئەم شوێنانە؟
عەزیز ئەحمەد: دابەش دەکرێن، ئەمە ئیشی حکومەت نییە. دەبێت ھەر بزنسێک بە ئارەزووی خۆی پی ئۆ ئێسێک دابنێت. حکومەت دەبێت ھاندەری ئەم پڕۆسەیە بێت.
رووداو: بانکەکان دەبێ بیکەن؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵی، بانکەکان، حکومەت دەبێت دەستپێشخەرییەکیان بۆ بکات بۆ ئەوەی تێچووی دانانی پۆینت ئۆف سەیڵەکان (POS) کەم بکرێن.
رووداو: دەزانی بۆ کاک عەزیز؟ چونکە خەڵکێکی زۆر ھەیە دەچێت خێرا مووچەکەی راکێشێت، ئێستا کەمتر خەڵک پارە رادەکێشێت؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، بەڵێ. ئەو رێژەیەی کە لەناو بانکەکان دەمێنێت، 12 تاوەکو 12٪ـە.
رووداو: پێشتر چەند بوو؟
عەزیز ئەحمەد: پێشتر 3 بوو تاوەکو 5 بوو، ئێستا پرۆژەی ئی-پسوولەش ھاتووەتە ناو پڕۆسەکە، خەڵک ھەندێک دەبێت حیسابی پارەدانی کارەبای خۆیشی بکات، بیھێڵێتەوە. ئێمە بەنیازین، ھەر ھاووڵاتییەک 20٪ـی خەرجییەکانی ئاسایی خۆی، رۆژانە، بە ئەلکترۆنی بدات. ئەم پڕۆسەیە کاتی دەوێت. چونکە سیستمەکەمان ھەمووی (بە کاش) بووە تاوەکو ئێستا. بەڵام بەنیازین تاوەکو دوو سێ ساڵی داھاتوو بیگەیەنینە 20٪.
رووداو : کاک عەزیز، پرسیارێکی دیکەم بۆ ھاتووە لەلایەن برادەرێکی کۆڕەک تیلیکۆمەوە. دەڵێ لە ھەموو کۆمپانیاکانی کوردستان، کۆڕەک گەورەترە، لە ھەموو شوێنێک لە کوردستان ھەیە، بۆ سیستەمی پێوەری زیرەک حکومەت گرێبەستی لەگەڵ زین کردووە؟ بۆچی لەگەڵ کۆڕەک نەیکردووە؟
عەزیز ئەحمەد: بۆ زانیاری بەڕێزتان ئێمە وا بزانم ھەفتەیەک لەمەوپێش رێککەوتنمان کرد لەگەڵ کۆڕەک، ئێستاش خەریکی گفتوگۆین لەگەڵ ئاسیاسێڵ.
رووداو : برادەرێکی دیکە نامەی ناردووە، دەڵێت بەرنامەی ئی-پسوولە نییە، (داونلۆدی بکەن)؟
عەزیز ئەحمەد: ئەپڵیکەیشن لە مانگی پێنج بەردەست دەبێت.
رووداو: ئێستا لە ڕێگەی کێوە دەتوانن ئی-پسوولە بکەن؟
عەزیز ئەحمەد: ئێستا لە رێگای ئەو بانک و (واڵێت)ـانەی کە باس کران.
رووداو : فەرمانبەر ھەیە دوو جار مووچە وەردەگرێت بەتایبەتی لە سلێمانی، جارێک لە ھەژماری من، جارێکیش لەو لیستەی کە دێت.
عەزیز ئەحمەد: وانییە؟ پڕۆسەیەکمان ھەیە بۆ ئەوە، چارەی دەکەین؟
رووداو : بانکی ناوەندی پشتگیری ھەژماری من و ئی-پسوولە دەکات؟
عەزیز ئەحمەد: خۆشبەختانە، بەڵێ.
رووداو: برادەرێک دەڵێت من چوار رۆژە نزیکەی 2 ملیۆنم بە ئی-پسوولە داوە، داشکاندن شموولم ناکات؟ کەی دەیکات؟
عەزیز ئەحمەد: ئێمە لە 10ی مانگەوە حیساب دەکەین.
رووداو : واتە ئەوەی کە نۆی مانگ دابێتی شموولی ناکات؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، بەڵام باسی ئەوەم کرد کە ئێستا خەریکی گفتوگۆیەکین، رەنگە درێژی بکەینەوە.
رووداو: کە پارە دەدەی ناڵێت لە چەند بۆ چەندە؟
عەزیز ئەحمەد: ئەوە راستە. لە چەند ھەفتەی داھاتوو زیاد دەکرێت.
رووداو: دیارە پارەکە بۆ چەند مانگ دەچێت و چۆن چۆن دەڕوات؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ بەڵێ، ئەوە ماوەکەی زیاد دەکرێت.
رووداو : پێشتر دەڵێت چەند وات بووە وانییە؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ؟
رووداو: چەند کیلۆوات بووە، پێشتر ھەبووە لە پسوولەکاندا؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ بەڵێ بەڵێ. ئەویش زیاد دەکرێت.
رووداو : کورتەنامەش ھەموو مانگێک دەڕوات بۆ ھەموو ھاوبەشێک؟
عەزیز ئەحمەد: ھەموو مانگێک دەڕوات، بەڵام ئەوە من حەز دەکەم ھاوکاریمان بکەن لەسەر ئەم بابەتە. دەبێت ھاووڵاتی خۆی تۆمار بکات. ئەگەر ژمارە تەلەفۆنەکەی لەناو سیستەمەکەدا نەبێت، ئێمە ناتوانین کورتەنامەیان بۆ بنێرین. من حەز دەکەم ئێوەش ھاوکاریمان بکەن، ھاووڵاتیان خۆیان تۆمار کەن لە سیستەمەکەدا.
رووداو: چۆن خۆیان تۆمار بکەن؟
عەزیز ئەحمەد: لە رێگای کۆڵ سەنتەرەکەوە.
رووداو : بەس تەلەفۆن بۆ 1992 بکەن و بڵێن ژمارە مۆبایلەکەمان تۆمار بکەن؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، بەڵێ. تەلەفۆن بکەن و بڵێن ژمارە مۆبایلەکەم بۆ تۆمار بکە.