لە سلێمانی چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهار بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەهار بە بەشداری 250 کۆمپانیا بەڕێوەدەچێت، رێکخەرانی فیستیڤاڵەکە دەڵێن، ئامانجیانە کاڵا و پێداویستییەکان هەرزان بخرێنەڕوو تایبەت بۆ مانگی نەورۆز و رەمەزان.
 
170 کۆمپانیای نێوخۆیی و 80 کۆمپانیای بیانی بەرهەم و ماددە خۆراکییەکانیان لە فیستیڤاڵەکەدا نمایش کردووە. نەشمیل کە کارمەندی هاتووچۆی سلێمانییە، لەگەڵ هاوژینەکەی سەردانی فیستیڤاڵەکەیان کردووە و دەیانەوێت پێداویستییەکانیان بە هەرزانتر دەستبکەوێت.
 
نەشمیل تاهیر بە رووداوی گوت: "ئەگەر من دەبەیەک رۆن لێرە بە سێ هەزار و 500 دینار بکڕم، لە دەرەوە هەمان دەبە بە چوار هەزار دینارە، بۆیە ئەگەر چەند جۆرێکی جیاواز من پێویستی بکڕم، بە دڵنیاییەوە جیاوازی دەبێت و هەرزانترە لێرە".
 
رەزا ئەحمەد، کاسبکارە و باسی لەوە کرد: "خەڵکی هەر بە دەنگۆ کاڵاکان گران دەکەن، بۆ نموونە، خەڵک دەڵێت رۆن گران دەبێت، کە وا دەڵێن، ئیتر خەڵک دەچێت بە سێت رۆن دەکڕێت بۆیە گران دەبێت".
 
رۆنی شل یەکێکە لە بابەتە دیارەکانی فیستیڤاڵەکە، نوێنەری یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەشداربووی فیستیڤاڵەکە دەڵێت، ئەوان ژمارەیەکی زۆر لە رۆنی شلیان هێناوە، بەڵام بە کۆ و بە کارتۆن نایفرۆشن.
 
سەنا تەها محەممەد، فرۆشیارە و ئاماژەی بەوە کرد: "زەیتی یەک لیتری هەمان ئەو زەیتەی لەبازاڕ بە  چوار هەزار و 500 دینار بۆ چوار هەزار و 750 دینار دەفرۆشرێت، ئێمە بە سێ هەزار و 500 دینار دەیفرۆشین، هەروەها بە کۆ بەرهەمەکانمان نافرۆشین، بە نموونە، هەر خێزانێک دوو بۆ سێ دەبە زەیتی دەدەینێ، بۆ ئەوەی کاڵاکان بەشی هەموو خەڵک بکات."
 
بەشێکی دیکە لە کۆمپانیاکانی بەشداربووی فیستیڤاڵەکە بە نرخی کەمتر لەبازاڕ ماددە خۆراکییەکان دەفرۆشن. دیار محەممەد، فرۆشیارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات: "ئێمە وەکو کۆمپانیاکەی خۆمان بڕیارمان داوە بۆ سەرجەم کاڵاکانمان بەڕێژەی 14٪ داشکاندن بکەین".
 
فەرمان لەتیف، فرۆشیارێکی دیکەیە و گوتی: "ئێمە بەرهەمەکەمان لە ئەڵمانیاوە هێناوە و ئامانجمان ناساندنی بەرهەمەکەیە نەک فرۆشتنی زۆری. دەمانەوێت هاونیشتمانییان بەرهەمەکەمان تێست بکەن".
 
بە گوتەی رێکخەرانی فیستیڤاڵەکە، ئامانجی گەورەیان هەرزانکردنی کاڵاکانە بۆ مانگی نەورۆز و رەمەزان. شەوقی عومەر، سەرپەرشتیای فیستیڤاڵەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات: "لەم فیستیڤاڵەدا کار لەسەر ئەوە کراوە کە سەرجەم ئەو پێویستییانەی کە خەڵک بۆ نەورۆز و مانگی رەمەزان پێویستیانە بەردەست بێت". 
 
فیستیڤاڵەکە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە تاسڵوجە بەڕێوەدەچێت و تاوەکو رۆژی 20ـی ئادار بەردەوام دەبێت. رۆژانە لە کاژێر 10 بەیانی تاوەکو 9ـی شەو کراوە دەبێت.