تورکیا گیانلەدەستدانی بەرپرسێکی پەکەکەی لە شرنەخ راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە باکووری کوردستان بەرپرسێکی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە گیانی لەدەستداوە. 
 
رۆژی شەممە 11ی ئاداری 2023، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی باڵای پەکەکە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لە پارێزگەی شرنەخ گیانی لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا: ئەو بەرپرسەی پەکەکە ناوی "هامیەت یاڵچنکا"ی بووە و بەرزترین پلەی سەربازیی پەکەکەی لە باکووری کوردستان و تورکیا هەبووە و لە لیستی سووری داواکراواندا بووە. 
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ، سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تویتەری خۆی نووسی: "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئابڵۆقە زستان-26دا کە رۆژی 9ی ئاداری 2023 لە ناوچە شاخاوییەکانی بەستەلەر-دەرەلەر لە شرنەخ بەرێوەدەچێت، تیرۆریستێک کە بەرزترین پلەی سەربازیی لەنێو تیرۆریستانی نێو وڵات هەبوو کرایە ئامانج." 
 
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەی سلێمان سۆیڵودا هاتووە: "تیرۆریستەکە ناوی هامیەت یاڵنچکایایە و ناسراو بە لەیلا ئامەد بووە." وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تویتەکەیدا وێنەی تەرمی ئەو کەسەی بڵاوکردوەتەوە کە گوایە بەرپرسێکی باڵای پەکەکە بووە.  
 
رۆژی 9ی ئاداری 2023، ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا بڵاویکردەوە، لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان، بە بەشداریی 540 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان، فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە و هێزی گوندپارێزان، ئۆپەراسیۆنی ئابڵۆقە زستان-26ی لە ناوچە شاخاوییەکانی بەستەلەر - دەرەلەر دەستیپێکردووە.
 
تاوەکو ئێستا هەپەگە هیچ راگەیێندراوێکی لەو بارەوە بڵاونەکردوەتەوە.