باندێکى سپیکردنەوەى پارە لە کەرکووک دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
سوپاى عێراق لە گوندێکى سنوورى کەرکووک باندێکى پێنج کەسیی دەستگیر کرد، کە بە بەڵگەنامەى فەرمیى هاووڵاتییان هەژمارى بانکییان دروستکردووە، پارەیان پێ سپی کردووەتەوە و دۆلاریان بردووەتە دەرەوە.
10ى ئادارى 2024 ئاژانسى هەواڵگریی سەربازیى وەزارەتى بەرگریى عێراق رایگەیاند، گرووپێکی سپیکردنەوەى پارەیان لە گوندى قەرەتەپە لە سنوورى کەرکووک دەستگیر کردووە.
ئەو ئاژانسە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە دا، ئەندامانى ئەو گرووپە پارەیان داوە بە خەڵک لە بەرامبەر بەکارهێنانى بەڵگەنامەکانیان بۆ کردنەوەى هەژمارى بانکى و بەقاچاخ بردنى دۆلار بۆ وڵاتانى دیکە لەڕێگەى ئەو هەژمارە بانکییەوە.
ئەندامانى ئەو گرووپە پێنج کەس بوون و لەکاتى دەستگیرکردنیاندا بڕێک پارە و مۆبایل و پاسپۆرتیان پێبووە.
گوندى قەرەتەپە دەکەوێتە سنوورى ناحیەى یایچى، کە زۆرینە تورکمانە و دەکەوێتە رۆژئاواى پارێزگاى کەرکووک.
سزاى سپیکردنەوەى پارە بەگوێرەى یاسای بنەبڕکردنى سپیکردنەوە و پارەدارکردنى تیرۆر، دەگاتە 15 ساڵ بەندکردن.
هەندێک لەو کەسانەى قاچاخچێتى بە دۆلارەوە دەکەن لە عێراق، لەڕێگەى کردنەوەى هەژمارى بانکى بەناوى هاووڵاتییانەوە و بە سوودبینین لە بەڵگەنامەکانیان، دۆلار بە نرخى فەرمى لە بانکى ناوەندى دەکڕن و لە دەرەوەى وڵات پارەکە رادەکێشن.