جووتیارێک لە سێمێل: بەهۆی ساخنەکردنەوەی بەرهەمی پەتاتە زیانی زۆرمان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، جووتیارێک لە قەزای سێمێل دەڵێت، تەنیا بەرهەمی سنوورەکەی ئەوان زیاترە لە پێداویستیی نێوخۆی هەرێمی کوردستان. داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکەیان هاوکارییان بکەن.
 
فارس کۆچەر، جووتیار لە قەزای سێمێلی پارێزگای دهۆک، لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ دووشەممەی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، دوو هەزار و 500 تۆن پەتاتەیان لە چوار ساردکەرەوەدا هەڵگرتووە و بەوان گوتراوە مەیفرۆشن دەنێردرێتە دەرەوە، دواتر نەنێردراوە و بەشێکی خراپ بووە.
 
ئەو جووتیارە داوای کرد، بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی پەتاتە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییان بکات. گوتیشی: "کە پەتاتەکەمان هەناردە نەکرا بە هەرزان فرۆشتمانە بازرگانی عەرەب، ئەوانیش پارەیان پێنەداوین و ئێستا من 100 ملیۆن دینارم لای بازرگانێکە و دەڵێت پارەم نییە".
 
7ـی ئابی 2023، بە ئامادەبوونی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرێبەستێك بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات، لە نێوان دوو کۆمپانیای خۆماڵی و کۆمپانیایەکی ئیماراتی واژۆ کرا و دواتر 120 تۆن پەتاتە رەوانەی ئیمارات کرا.
 
ئەو جووتیارەی قەزای سێمێل کە نزیکەی 100 دۆنم زەوی بە پەتاتە چاندووە گوتی، هەر کیلۆیەک پەتاتە تاوەکو کاتی فرۆشتنی 250 دینار لەسەر ئەوان دەکەوێت، بەڵام ئێستا لە بازاڕدا 200 دینار زیاتر ناکات.
 
بە گوتەی فارس کۆچەر، لە بەرهەمی پەتاتەی ساڵی رابردوودا نزیکەی 60 ملیۆن دینار زیانی کردووە.
 
ئەو جووتیارە داوای کرد، بۆ بەرهەمی ئەم ساڵیان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەبازاڕکردندا هاوکارییان بکات. گوتیشی: "بەرهەمی ئەم ساڵی پەتاتە تەنیا لە سێمێل بەشی هەموو هەرێمی کوردستان و بەشێکی عێراقیش دەکات و کوالێتیشی زۆر بەرزە".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو پشتیوانییەک بۆ بەرهەمی نێوخۆ، قەدەخەی خستووەتە سەر هاوردەکردنی پەتاتە و قەدەخەکردنەکەش بەردەوامە.
 
بەگوێرەی ئامارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ساڵی 2023 بۆ مانگی 8ـی هەمان ساڵ، بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان 650 هەزار تۆن بووە، بۆ پێویستیی نێوخۆ 100 هەزار تۆن پێویست بووە و ئەوەی دیکەی رەوانەی دەرەوە کراوە.
 
چەند جۆرێک پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێن، لەوانە پەتاتەی ئاسایی بۆ خواردن و پەتاتەی چپس و فینگەر.