9 هێزی کریستیان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە پارت و هێزە کریستانەکان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند، کە بڕیارە رۆژی 10-6- 2024 بکرێت.
ئەو پارت و لایەنانە بریتین لە:
- پارتی یەکێتیی دیموکراتی کلدانی
- کۆمەڵەی کلدانی جیهانی
- پارتی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان
- رەوتی شلاما بۆ کاروباری مەسیحی (کلدان سریان ئاشوور و ئەرمەن)
- پارتی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی
- لیژنەی ئیداری تائیفەی ئەرمەنی ئەرسەدۆکس
- کۆمەڵەی رۆشنبیریی ئەرمنی
- هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی- هەرێمی کوردستان
- هاوپەیمانیی حامورابی- عێراق.
ئەو لایەنانە رەخنەی تووندیان لە دادگەی باڵای فیدراڵی گرت بۆ هەڵوەشانەوەی کۆتای کریستیان و تورکمان و بە بڕیارێکی "نادادپەروەر" ناویان برد، پێیانوایە "ستەمێکی گەورە"یان لێکراوە.
جینان جەبار، سەرۆکی ئەنجومەنی نەتەوەیی کلدانی راگەیێندراوی پارت و لایەنەکانی خوێندەوە و گوتی، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ نەهێشتنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان "پێشێلکردنێکی مەترسیدار"ی مافی مرۆڤ و مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەکانە و هەنگاوێکە بۆ ناشرینکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی رەخنەی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە بەهۆی سکاڵای ئەوانەوە دادگە ئەو بڕیارەی داوە و پێیانوایە یەکێتی "هەڵەیەکی مێژوویی" کردووە بۆ بەدیهێنانی "دەستکەوتی سیاسی، هەنووکەیی و کاتی".
ئاماژە بەوەدەکەن، بڕیاری دادگەی فیدراڵی دژبەری یەکە، کۆتای کریستیانی لە هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندووەتەوە، لەکاتێکدا کۆتای کریستیانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هێشتووەتەوە، ئەوەش کێشانە بە دوو پێوانە.
رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 تێنەپەڕێت، هاوکات کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری هەژمارکرد.
جینان جەبار رایگەیاند، "هێز و پارتەکانمان کە لە ژێر ناوی هاوپەیمانیی یەکێتی نەتەوەیی هاوپەیمانی کردووە، وەک گەورەترین هاوپەیمانیی گەلەکەمان لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانیی حاموورابی، کە زۆرترین دەنگی راستەقینە و رەسەنی گەلەکەمانی بەدەستهێناوە لە شار و گوندەکانی کوردستان و دەشتی نەینەوا و عێراق، بە گەل و نەتەوەکەمان و هاوبەشەکانمان لە نیشتمان رایدەگەیێنین، کە بایکۆتی هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەین و بەشداری ناکەین."
ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە "بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، بە هیچ شێوەیەک مانای ئەوە نییە کە داوا لە رۆڵەکانی گەلەمان بکەین بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن، بەڵکو ئێمە کە باوەڕی راستەقینەمان بە بەهای دیموکراسی هەیە، داوادەکەین بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەلەی تێدا بکرێت، ئەمەش لەپێناوی پاراستنی ئەزموونی دیموکراسی لە کوردستان و چاککردنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان".
پارت و لایەن و هاوپەیمانییەکان بریتین لە: پارتی یەکێتی دیموکراتی کلدانی، کۆمەڵەی کلدانی جیهانی، پارتی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان، رەوتی شلاما بۆ کاروباری مەسیحی (کلدان سریان ئاشوور و ئەرمەن)، پارتی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی، لیژنەی ئیداری تائیفەی ئەرمەنی ئەرسەدۆکس، کۆمەڵەی رۆشنبیریی ئەرمنی، هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی- هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانیی حامورابی- عێراق.