سەرۆک بارزانی: رێککەوتننامەی 11ـی ئادار هەڵگری وانەی ستراتیژی و گرنگ بوو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی رایگەیاند رێككەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970 وای کرد دەرفەت بێتە کایەوە کە گەلی كوردستان، بتوانێ كار لەسەر خۆبەڕێوەبردن و بەهێزكردنی زمان و كولتوور و دابینكردنی سەقامگیری بكات.
لە 55ـەمین ساڵیادی رێککەوتننامەی 11ـی ئادار، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێ "ئەو رێككەوتنە، بەرهەمی تێكۆشان و خەباتی پێشمەرگە و کادیرانی حیزب و سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول بوو و هەڵگری وانەی ستراتیژی و گرنگ بوو بۆ قۆناخەكانی دواتری خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان."
له سهرهتای هاتنی حكومهتی بهعس بۆ سهر دهسهڵات، له ساڵی 1968 ههوڵیدا لهگهڵ كورد رێكبكهوێت. له ئهنجامی گفتوگۆی حكومهتی بهعس و كورد، كه ئهوكات مهلا مستهفا بارزانی سهركردایهتیی دهكرد، رێكهوتنامهی 11ـی ئادار راگهیێندرا.
ئهو رێكکهوتنامهیه له 15 خاڵ پێكهاتبوو، دوای دوو ساڵ گفتوگۆكردن له 11-3-1970 لهلایهن ئهحمهد حهسهن بهكر، سهرۆككۆماری ئهوكاتی عێراق له بهغدا خوێندرایهوه. گرنگترین خاڵی رێكکهوتنهكه، داننان بوو به مافی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری كوردستان، لهگهڵ ئهوهشدا زمانی كوردی له قوتابخانهكان بخوێندرێت، ئهوه یهكهمین جار بوو حكومهتی عێراقی به فهرمی ئهو مافانه به گهلی كورد بدات.
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێ، "پێزانینمان بۆ هەموو پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی ئەیلوول هەیە، كە بە كۆڵنەدان و پێداگری و ورەی پۆڵایینیان، دەستكەوتی گەورەیان بۆ گەلەكەیان مسۆگەر كرد."
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی 55 ساڵەی رێککەوتنامەی 11ـی ئادار:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
رێككەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970 دەستكەوتێكی مێژوویی و گرنگی خەباتی گەلی كوردستانە بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر. بۆ یەكەمین جار حكومەتی عێراقی دانی بە بەشێك لە مافەكانی گەلی كورد نا و ئەو دەرفەتە هاتە كایەوە گەلی كوردستان بتوانێ كار لەسەر خۆبەڕێوەبردن و بەهێزكردنی زمان و كولتوور و دابینكردنی سەقامگیری بكات. ئەو رێككەوتنە بەرهەمی تێكۆشان و خەباتی پێشمەرگە و كەوادیری حزب و سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول بوو و هەڵگری وانەی ستراتیژی و گرنگ بوو بۆ قۆناغەكانی دواتری خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بووە هۆی بەهێزتربوونی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
لە 55ـەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی 11ـی ئاداردا، هەزاران سڵاو بۆ رۆحی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شۆڕشەكانی كوردستان دەنێرین و، پێزانینمان بۆ هەموو پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی ئەیلوول هەیە، كە بە كۆڵنەدان و پێداگری و ورەی پۆڵایینیان، دەستكەوتی گەورەیان بۆ گەلەكەیان مسۆگەر كرد.
مسعود بارزانی
11ـی ئاداری 2025