هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان: خۆراک هەناردە مەکەن


رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئاگاداریی سەرجەم ئەندامانی، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی بواری خۆراک دەکاتەوە "کە لەم کاتەدا بازرگانیی خۆراک تەنیا لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بکەن".
 
یەکێتییەکە دەڵێت، "ئەم بڕیارە لەسەر پێشنیاز و راسپاردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە".
 
وەک لە راگەیێندراوی یەکێتییەکەدا هاتووە، بڕیارەکە "بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و دروستنەبوونی کەمیی بەرهەمی خۆراکە لە بازاڕەکانی هەرێمدا."
 
یەکێتییەکە داوا لە کۆمپانیاکانی خۆراک دەکات، "هیچ بەرهەمێکی خۆراکی هەناردەی دەرەوەی شارەکانی هەرێم [ـی کوردستان] نەکەن، تەنانەت بۆ شارەکانی خوارووی عێراقیش، بۆ ئەوەی بازاڕەکانی نێوخۆ کەمیی خۆراک بەخۆیانەوە نەبینن."
 
پێشتر مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتییەکە رایگەیاند، بەهۆی شەڕی ئێرانەوە پێویست ناکات هاونیشتمانییان لە کەمیی خۆراک بترسن و بەشی شەش مانگ خۆراک لە کۆگاکان هەیە.
 
بەڵام بەهۆی شەڕەکەوە و دابەزینی نرخی دینارەوە، نرخی بەشێک لە مادە خۆراکییەکان 10٪ بۆ 25٪ بەرزبوونەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، یەکێتییەکە رایگەیاندبوو، ئێران لە رۆژانی 8 و 9ـی ئەم مانگە دوو دەروازەی دیکەی سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، ئەوانیش دەروازەکانی شووشمێ و سەیران بەن بوون. راشیگەیاندبوو، لە رۆژانی داهاتوودا هەردوو دەروازەی پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانیش دەکرێنەوە.