باڵیۆزخانەی ئەمریکا: رەنگە ئێران و میلیشیاکان هێرش بکەنە سەر ژێرخانی وزەی کوردستان و عێراق


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە ئەگەری هەیە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، ژێرخانی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج؛ دەشڵێت، ئەو هۆتێلانەی ئەمریکییەکانیان لێ دەمێننەوە لەژێر مەترسیی هێرشدان.
 
رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی نزیک لەو وڵاتە رەنگە پلانیان هەبێت بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی نەوت و وزەی خاوەن ئەمریکی لە عێراق." ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هۆتێلانەی لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان کە زۆربەی جار ئەمریکییەکانیان لێ دەمێننەوە، مەترسیی هێرشیان لەسەرە.
 
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە لە 28ـی شوباتەوە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران دەستیپێکردووە و تاران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی، چەندین جار بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان.
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە ئەو گرووپانە "بەردەوامن لە دروستکردنی هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سەلامەتیی گشتی،" و داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات وشیار بن و لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە رەنگە ببنە ئامانج. هەروەها هۆشداریی داوە کە "کۆبوونەوە لەو ناوچانەی پەیوەندییان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە هەیە، رەنگە مەترسی بۆ سەر ژیانتان دروست بکات، چونکە ئەمریکییەکان رووبەڕووی مەترسیی رفاندن و هێرش دەبنەوە."
 
لەوەتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر چەندین جار کراوەتە ئامانج و لە رێگەی سیستەمی بەرگرییەوە هێرشەکان تێکشکێندراون. 
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەڵێت، بە وردی چاودێریی بارودۆخەکە دەکەن و لە پێشینەی کارەکانیان پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییانیانە.
 
باڵیۆزخانەکە داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو وڵاتانی ئوردن، کوێت، سعودیە و تورکیا بچن و عێراق جێبهێڵن.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە بۆ سەر ئێران، واشنتن لانیکەم 40 هەزار هاووڵاتیی خۆی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەی، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنیان لە لێکەوتە و مەترسییەکانی جەنگ.