چوارەم هێرشی درۆنی بۆ سەر هەولێر؛ درۆنێک زیان بە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا دەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو بۆ جاری چوارەم هێرش کرایە سەر شاری هەولێر و درۆنێک لە ئاسمانەوە تێکشکێندرا، کە پارچەکانی بەربوونەوە و بە باڵەخانەی هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا کەوتووە و زیانی گیانی نەبووە.
 
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو لەبارەی شوێنی کەوتنەخوارەوەی پارچەی درۆنەکانەوە رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن پارچەکان بەر پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون و ناوماڵ کەوتوون، راست نین."
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، درۆنەکە لە ئاسمانەوە بەرپەرچدراوەتەوە و تێکشکێندراوە، پاشان پارچەکانی کەوتوونەتە خوارەوە و بە پەرژینی هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا کەوتوون.
 
لە دوای رووداوەکە، دەستبەجێ تیمەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدان 
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئەم رووداوەی ئەمشەو دەبێتە چوارەمین هێرش کە دەکرێتە سەر شاری هەولێر.