لە کەرکووک بارەگای حەشدی شەعبی بۆردوومان دەکرێت؛ تاوەکو ئێستا سێ کوژراو هەیە

رووداو دیجیتاڵ

هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند: "بارەگایەکی فەوجی تایبەتی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی بەدر کراوەتە ئامانج."
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت: "لە ئەنجامی هێرشەکە سێ کەس کوژراون و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون." 
 
هەردی محەممەد لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو هێزەی لێیان دراوە سەر بە لیوای 15ی حەشدی شەعبین. 
 
بەپێی زانیاری تایبەت دەست رووداو کەوتووە، تەواوی چەکدارەکان کە لەنێو ژوورێکی بارەگاکە بوونە کوژراون و کەسیان دەرنەچوون. لەترسی دووبارە بۆردومانکردنەوەیان تاوەکو ئێستا ناتوانرێ بچنە نێو بارەگاکەوە.  
 
پەیامنێری رووداو ناوی دوو لە کوژراوەکانی حەشدی شەعبی دەستکەوتووە. یەکێکیان ناوی "یڵماز سەیفەدین"ـە تورکمانی کەرکووکە و خەڵکی گەڕەکی تسینە. کوژراوی دووەمیش ناوی "ئەیاد عەلی خزر"ـە. 
 
حەشدی شەعبی بانگەواز بۆ خەڵکی کەرکووک دەکەن و داوای بەهاناوە چوون دەکەن تا خەڵک بچێت بۆ بەخشینی خوێن بە بریندارەکانیان.